ئەمشەو شەوێكی تری مێژووییە لە عێراق، كە دوای پێنج مانگ و ناكۆكییەكی گەورە، بڕیارە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر كابینەی حكوومەتی مستەفا كازمی بێتە سازكردن، تارق حەرب، شارەزای دەستووری و یاسایی عێراق سیناریۆكانی دانیشتنەكە و ئەگەرەكان روون دەكاتەوە.
ئەگەر كازمی شكست بێنێت لە سەرەتای دەست پێ دەكەینەوە
حەرب ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، پێم وایە لە دانیشتنی ئەمشەو، نیسابی دانیشتنەكە دروست دەبێت، ئەویش بە ئامادەبوونی 165 پەرلەمانتار، دوای ئەوەی دانیشتن دەستی پێ كرد، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران پێویستی بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو هەیە، واتە 83 پەرلەمانتار، بۆ وەرگرتنی متمانە، واتە كێشەكە لە دەنگدان نییە، كێشەكە لە تەواوبوونی نیسابە، بۆیە ئەگەر نیساب هەبێت، دەنگدان پرسێكی ئاسانترە، چونكە زۆرینەی ئەوانەی بەرهەڵستی كابینەكە دەكەن، ئامادەی دانیشتنەكە نابن.
زیاتر گوتی، پێم وایە ئەمشەو نیساب تەواو دەبێت و كابینەكە دەنگ دێنێت و متمانەی پێ دەدرێت، بەڵام هەموو كاندیدانی وەزارەتەكان نا، واتە تا سێ كاندید زۆرینەی دەنگ بەدەست نایەنن بۆ وەرگرتنی متمانە، بەڵام نیسابی دانیشتن و وەرگرتنی متمانە لەلایەن كابینەی حكوومەت نیوچە مسۆگەرە.
لەئەگەری تێپەڕ نەبوونی حكوومەتی كازمی، حەرب دووپاتی كردەوە، دەگەڕێیتەوە خاڵی سەرەتا و سەرۆك كۆماری عێراق، داوای كاندید دەكات، مەرج نییە لە گەورەترین فراكسیۆن بێت، بۆیە راسپاردنێكی نوێ دەبێت، 15 رۆژ بە سەرۆك كۆمار دەدرێت بۆ راسپاردن، راسپێردراویش 30 رۆژی پێ دەدرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام پێم وایە ئەوە ئەگەرێكی دوورە.