حەلبووسی: پێشبینی تێپەڕبوونی كابینەی كازمی دەكەین

:: PM:06:08:06/05/2020 ‌

ئەمشەو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەی حكوومەتی مستەفا كازمی كۆ دەبێتەوە، لێرە و لەوێ باسی ئەگەری شكستهێنانی دەكرێت، بەهۆی ناڕەزایی بەرانبەر چەند كاندیدێكی كابینەی حكوومەتەكەی، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پێشبینی دەكات سەرەڕای سەختییەكان، بەڵام كابینەی حكوومەتەكەی كازمی تێپەڕ بێت.
تا ئێستەیش هەندێك وەزارەت یەكلا نەكراونەتەوە
حەلبووسی ئەمڕۆ چوارشەم لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاند، ئەمشەو دەنگدان لەسەر وەزیرانی كابینەكەی كازمی بە شێوەی تاك تاك دەبێت، هاوكات پێشبینی دەكەین كە سەرەڕای سەختییەكان و ناڕەزایەتی هەیە، كابینەی حكوومەت تێپەڕ بكرێت، دووپاتی كردەوە، تا ئێستەیش هەندێك وەزارەت یەكلا نەكراونەتەوە. 

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە، ئەو لیستەی بەیانی ئەمڕۆ پێشكەیش كراوە، هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام رەنگە هەموو كاندیدانی وەزارەتەكان لە دانیشتنی ئەمشەو تێپەڕ نەبن، كازمی لیستێكی بەناوی 20 وەزیر پێشكەیش كردووە، دوو وەزارەتیش كێشەیەان لەسەرە و دواتر پێشكەیش دەكرێن.

لای خۆیەوە ئەمجەد عقابی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون"، ئەمڕۆ رای گەیاند كە ناوی كاندیدانی كابینەی حكوومەتی كازمی گەیشتووەتە پەرلەمان و تەنیا ناوی وەزیرانی دەرەوە و نەوتی تیادا نییە كە تا ئێستە یەكلا نەكراونەتەوە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل