لەوكاتەی تەمەنی حكوومەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق نەگەیشتووەتە دوو هەفتە، بەهۆی ئەو هەموو تەنگژە و بەربەستانەی هەیە، چاوەڕوان دەكرێت رووبەڕووی سەختییەكی گەورە ببێتەوە، گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئاماژە دەكات كە حكوومەتی عێراق رووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە.
پێویستە كازمی بۆشایی نێوان خەڵك و سیاسەتوانان پڕ بكاتەوە
زیاتر گوتی، هۆكاری ئەو مەترسیانە سەرقاڵبوونی چینی بژاردەی سیاسییە لەو وڵاتە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو بە كێبەركێی دەسەڵات و فەرامۆشكردنی بەرژەوەندییەكانی گەل، كە بەمدوایە بووە هۆی هەڵگیرسانی ناڕەزایەتی فرەوانی جەماوەری كە داوای دوورخستنەوەی ئەو چینە سیاسییە دەكەن.
بەپێی شیكارییەكەی
فۆرین پۆلیسی، كازمی رووبەڕووی كێشەی ناوخۆیی و دەرەكی دەبێتەوە، لەوكاتەی عێراق بەدەست تەنگژەی كۆرۆنا و مەترسی گەڕانەوەی داعش و تەنگژەی ئابووری و خراپیی بژێوی خەڵك و دابەزینی نرخی نەوت و كەمی داهاتەوە دەناڵێنێت، بۆیە ئەركی لەپێشینەی كازمی پڕكردنەوەی بۆشایی نێوان خەڵك و سیاسەتوانانە، هەروەها چاككردنی نێوانی سیاسەتوانان خۆیان، واتە چاكسازییەك لەسەر بنەمای هاوسەنگی.
گۆڤارەكە دووپاتی كردەوە كە كازمی تاكە سەرۆك وەزیران نییە خاوەن بەرنامەیەكی چاكسازی گشتگیر بێت، بەڵام رۆژانی سەرەتای فەرمانڕەوایەتییەكەی بوونی چەندان كێشەی ئاڵۆز و تیكهەڵكێش پێشان دەدات كە لە قۆناغی داهاتوو رووبەڕووی دەبنەوە.