تا ئێستە دیار نییە ئاخۆ پەرلەمانی عێراق بەر لە جەژنی رەمەزان دەتوانێت دانیشتن ساز بكات، بۆ متمانەدان بە وەزیرەكانی لە حكوومەتی مستەفا كازمی ماون، لەوكاتەی چەند پەرلەمانتارێك ئاماژە بۆ ئەگەری سازكردنی دانیشتن دەكەن، ئەوانیتر رەتی دەكەنەوە كە بتوانرێت بەر لە جەژن كۆبوونەوە بكرێت.
تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی كازمی كاریگەری بۆ سەر گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا هەیە
پرسی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی مستەفا كازمی كە لە 7ی ئەم مانگە لە كۆی 22 وەزیر 15 وەزیری حكوومەتەكەی تێپەڕ كران، بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، كە نەتوانرا وەزارەتەكانی دەرەوە و نەوت و كشتوكاڵ و بازرگانی و داد و كار و كۆچبەران وەزیریان بۆ دیاری بكرێت، تەنانەت ئەو پرسە كاری كردووەتە سەر گفتوگۆمانی هەرێم و بەغدایش.
عودەی حاتم، پەرلەمانتارێكی "فەتح"، بەدووری زانی پەرلەمان بتوانێت دانیشتن بەر لە جەژن ساز بكات، ئەوەیش بەهۆی بەردەوامی ناكۆكی لەبارەی كاندیدی وەزارەتەكانی ماون، بۆیە دانیشتنەكە بۆ دوای جەژنی رەمەزان دوا دەخرێت، روونی كردەوە، داوایەك بە واژووی 145 پەرلەمانتار دراوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكان، بەڵام ئەوەندە رۆژە ماوە بەشی ئەوە ناكات.
لای خۆیەوە موزەر سەلمان، پەرلەمانتارێكی "سائیروون"، گوتی، سەرۆكی حكوومەت بە هێزە سیاسییەكانی راگەیاندووە كە دۆسیەی وەزارەتە بەتاڵەكانی تەواو بووە و ئەگەر هەیە چوارشەم یان پێنجشەم لە پەرلەمان بخرێنە روو، بۆیە رەنگە لەم هەفتەیە دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەگەرچی سەرۆكایەتی پەرلەمان وادەی بۆ دانیشتن دیاری نەكردووە.