وێنەی گەورەی خومەینی و خامنەیی لە بەغدا هەڵدەواسرێت

:: PM:08:20:19/05/2020 ‌

لەوكاتەی میلیشیا و هێزە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران لە عێراق و ئێران و چەند وڵاتێكی ناوچەكە خۆیان بۆ زیندووكردنەوەی رۆژی جیهانی قودس ئامادە كردووە، كە دەكاتە دوایین هەینی مانگی رەمەزان و لەلایەن ئیمام خومەینی رابەری پێشووی ئێران دیاری كرا، ئەو گرووپانە دەستیان كردووە بە هەڵواسینی وێنەیەكی گەورەی رابەرانی ئێران و هەریەك لە قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە بەغدای پایەتەخت.  
میلیشیا شیعەكان لاگیریان بۆ ئێران دووپات دەكەنەوە
لەمڕۆ سێشەمەوە وێنەیەكی گەورە لە بەغدا لەوانە لە شەقامی فەڵەستین لە بەری رەسافەی بەغدا هەڵواسراوە كە هەریەك لە خومەینی و خامنەیی و قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری هێزەكانی حەشدی شەعبی، كۆ دەكاتەوە، كە لە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن ئەمەریكا لە بەغدا كوژران.

لەژێر وێنەكەیش نووسراوە، بەمنزیكانە لە قودس نوێژ دەكەین، هەڵواسینی وێنەی خومەینی و خامنەیی لەلایەن گرووپە شیعەكانی نزیك لە ئێران، بەتایبەتی لە شارەكانی زۆرینەی شیعە، شتێكی نوێ نییە، بەڵام وێنەكە بۆ ئەمساڵ هەریەك لە سلێمانی و موهەندیس لەخۆ دەگرێت.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل