عێراق پێنج رۆژ پشووی جەژنی رەمەزانی راگەیاند

:: PM:08:43:19/05/2020 ‌

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی دیاری كرد و فەرمانی دا بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ مانگی ئایار بێ هیچ بڕینێك، جیا لە تاوتوێكردنی دۆخی دارایی و تەندروستی عێراق.
كازمی سەرپەرشتی سێیەم دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكات
وەك لە بەیاننامەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هاتووە، ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی وەزیران سێیەم دانیشتنی ئاسایی خۆی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، ساز كرد و دانیشتنەكە تاوتوێی سووككردنی كاریگەرییەكانی تەنگژەی ئابووری لەسەر هاووڵاتییان باس كرد.

كازمی فەرمانی بە وەزارەتی دارایی دا بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئایار بێ هیچ بڕینێك، جیا لە رێگەدان بە وەزارەتی دارایی بۆ قەرزكردن بە مەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە. 

بەپێی بەیاننامەكە باسی زیادكردنی داهاتی دەوڵەت و رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كراوە، جیا لەوەیش ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی دیاری كرد كە لە یەكشەمی داهاتووەوە دەست پێ دەكات تا رۆژی پێنجشەم، واتە بەدرێژایی هەفتەی داهاتوو لە عێراق پشووی فەرمییە، هاوكات لەگەڵ سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل