تارق حەرب: پێویستە چاو بە یاساكانی هەڵبژاردن و حزبەكان بخشێندرێتەوە

:: PM:09:44:19/05/2020 ‌

لە ماوەی رابردوودا پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە بووە داواكاری سەرەكیی خۆپێشاندەران لە عێراق، هاوكات بەڵێنی سەرەكی حكوومەتی مستەفا كازمی، زۆرینەی هێزە سیاسییەكانیش بە رووكەش ئەو داوایەیان بەرز كردەوە، تارق حەرب، شارەزای یاسایی تیشك دەخاتە سەر بەربەستەكانی بەردەم ئەو هەڵبژاردنە. 
بە بەشداری تەواوی دەنگدەران هاوكێشەی سیاسی لە عێراق دێتە گۆڕان
خۆپێشاندانەكانی عێراق كە بەهۆی نەمانی متمانە لە نێوان خەڵك و چینی فەرمانڕەوا و هێزە سیاسییەكانی عێراق دروست بوو، وای كرد خۆپێشاندەران داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن بۆ گۆڕانكاری لە پرۆسەی سیاسی، ئەوەیش پێویست بە تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای نوێی هەڵبژاردن و یاسای پارتە سیاسییەكان بكات، جیا لە ئامادەسازییەكان، ئەوانەیش هەموویان ئاسان نین، بەتایبەتی لە سایەی خواستی هێزە سیاسییەكان كە نایانەوێ هەڵبژاردن بكرێت. 

حەرب ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی راگەیاند، یاسای نوێی هەڵبژاردن كێشە و ناكۆكی لەسەر هەیە و پێویستە بابەتی بازنەی هەڵبژاردن بێتە گۆڕان، بازنەی بچووك، بۆ نموونە ئەگەر هەولێر یان سلێمانی بكرێتە 16 بازنەی هەڵبژاردن، ئەوانەی دەوڵەمەند و دەسترۆیشتوو و سەرۆك هۆزەكان تیایان باڵادەست دەبن، واتە ئەكەر كەسایەتییەك نیشتمانی لەسەر ئاستی هەرێم هەبێت، بەڵام كاتێك لە بازنەیەكی بچووكی 100 هەزار كەسی خۆی كاندید بكات، رەنگە نەتوانێت دوو هەزار دەنگ بێنێت، ئەو بابەتە پێویستی بە چارەسەركردنە.

زیاتر گوتی، جیا لەوە دەبێت گۆڕانكاری لە یاسای حزبەكان بكرێت، چونكە ئەگەر ئەوان بەو شێوەی پێشوو بەردەوام بن، ئەنجامی باشی نابێت، ناكرێت حزبێكی سیاسی خاوەن باڵێكی سەربازی بێت، بۆیە ئەو بابەتەیش پێویستە چارەسەر بكرێت، پێم وایە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو 70% لە دەنگدەران نەچوون بۆ دەنگدان، بۆیە ئەوجارە ئەگەر بەشداری بكەن، ئەو حزبانەی ئێستە لە پەرلەمانن، دەبنە كەمینە و هاوكێشەی سیاسی لە عێراق بە تەواوەتی دێتە گۆڕان.

حەرب دووپاتی كردەوە، هەر یاسایەك لە پەرلەمان پێویستی بە هەفتەیەك هەیە بۆ دەنگدان لەسەری، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق ئەو بابەتە دوا دەخرێت، بۆیە لەسایەی ئەو ویستەی هەیە، ناكرێت، چونكە ئەوان وا بیر دەكەنەوە كە ئەگەر یاساكە دەربچێت، رەنگە بگەینە دۆخێك ئەوان هەڵنەبژێردرێنەوە. 

ئەمڕۆ عادل لامی، سەرۆكی پێشووتری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە عێراق ئاشكرای كرد كە حكوومەتی نوێی عێراق نیازی هەیە چاو بە چەند بڕگەیەكی هەردوو یاسای كۆمسیۆنی باڵا و حزبە سیاسییەكان بخشێنێتەوە، ئەوەیش دوای پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە، ئاشكرایشی كرد كە سەرۆكایەتی كۆمار بەهۆی بوونی ناكۆكی، یاسای هەڵبژاردنی پەسند نەكردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل