بەهۆی داخستنی مەرزەكانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكان، بەرپرسانی ئێران لەودیو سنوورەكانی ئێرانەوە لە مەرزی پەروێزخان، تەنیا رێگە بە شۆفێرانی ئێرانی دەدەن بار بێنن، بەو هۆیەوە شۆفێرانی هەرێمی كوردستان بێكاربوونە.
شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان هەڕەشەی خۆپێشاندان و مانگرتن دەكەن
ژمارەیەك لە شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان، ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئایاری 2020، "وشە"یان لەوە ئاگەدار كردەوە كە لە مەرزی پەروێزخان لە دیوی ئێرانەوە، رێگە بە شۆفێرانی هەرێمی كوردستان نادرێت بارەكانیان بێننن بۆ ناوەوەی مەرزی پەروێزخان، بەو بیانووەی ئەوەی شۆفێرانی ئێرانی باریان هەیە و خۆیان باردێنن بۆ هەرێمی كوردستان.
محەمەد ئەمین كەلاری، نوێنەری شۆفێرانی مەرزەكە بۆ "وشە"، ئاشكرای كرد، بیانووی بەرپرسانی ئێران ئەوەیە كە ژمارەیەكی زۆری شۆفێرانی ئێرانی باریان هەیە و زۆربەی مەرزەكانی تریان لێ داخراوە، بەتایبەت لە سنووری خانەقین و عێراق، بۆیە هەوڵدەدەن بارەكانیان لە پەروێزخانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن.
عەباس حەسەن، بەرپرسی پێوەندییەكانی مەرزی پەروێزخان، بە "وشە"ی راگەیاند، بە هۆكاری ئەوەی بارێكی زۆری شۆفێرانی ئێرانی لە مەرزەكانی ترەوە رێگەی هاوردەكردنی باریان پێ نادرێت بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، زۆرینەی ئەو شۆفێرانە روویان لە مەرزی پەروێزخان كردووە بۆ هاوردەكردنی بارەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان.
زیاتر گوتی، لە هەوڵی ئەوەداین ئەو گوشارەی بە لێشاوهاتنی شۆفێرانی ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان كەم بكەینەوە و كێشەكە چارەسەر بكەین.
هاوكات هەر ئەمشەو دەیان شۆفێری مەرزی پەروێزخان دووپاتیان لەوە كردەوە كە ئەگەر ئەوكێشەیە چارەسەر نەكرێت، دەست بە خۆپێشاندان و مانگرتن دەكەن.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی