بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكرێت

:: AM:08:00:04/07/2020 ‌
وەزارەتی كارەبا ڕای دەگەیەنێت، بەرهەمهێ،انی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكرێت و بڕی 25 ملیۆن دۆلاریش بۆ كۆمپانیاییەكی بەرهەمێهانی كارەبا خەرجكراوە.

ئەمرۆ شەموو چواری تەمووز، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی كارەبا هاتووە، 180 مێگاوات كارەبا لە وێستگەی غازی و هەردوو وێستگەی كارۆئاوی دوكان و دەربەندیخان زیاد كرا.

بەهۆی چاكسازیی لەیەكەكانی وێستگە غازییەكان بڕی 700 مێگاوات كارەبایان كەمی كردبوو
وەزارەتی كارەبا ڕوونی كردووەتەوە، بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات كارەبا لە وێستگەی غازی هەولێر زیادكرا و خرایە ناو  تۆڕی كارەبای نیشتمانییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بۆ پاڵپشتیكردنی وەزارەتی كارەبا لە 4ـی حوزەیران بڕی 25 ملیۆن دۆلاریان بۆ كۆمپانیای ماس خەرجكرد، چونكە بەهۆی چاكسازیی لەیەكەكانی وێستگە غازییەكان بڕی 700 مێگاوات كارەبایان كەمی كردبوو.

باس لەوەشكراوە، وەزارەتی كارەبا توانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەپێی بەرنامەی بەردانەوەی ئاو لەوەرزی هاوین بڕی 80مێگاوات كارەبا لەهەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان زیاد بكات ، بەمەش 180 مێگاوات كارەبا خرایە ناو تۆڕی كارەبا نیشتمانییەوە.

هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا پشت دەبەستێت بە سەرچاوەكانی وێستگەی خەبات و چەمچەماڵ و كەورگۆسك لەگەڵ هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان.



وشە - رامیار جەواد