ئەمڕۆ 28 ساڵ بەسەر پێكهێنانی یەكەمین حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت

:: AM:10:28:04/07/2020 ‌
28 ساڵ پێش ئێستە، یەكەمین كابینەی حكوومەت دوای ڕاپەڕین و دروستبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا، ئەوەیش دوای هەڵبژاردنێكی پەرلەمان كە لەلایەن بەرەی كوردستانی بڕیاری لێ درابوو.

رۆژی چواری تەمووزی 1992، پێش 28 ساڵ لە ئێستە و لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، لەدوای زیاتر لە ساڵێك لە راپەڕینی 1991، یەكەمین كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن یەكەمین پەرلەمانی هەڵبژێردراوی كوردستانەوە متمانەی پێ درا و وەك یەكەمین دەزگەی جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار بوو.

خەڵكی كوردستان خۆیان بڕیار دەدەن چ جۆرە حوكمڕانییەكیان دەوێت
لە ساڵی 1991 دوای ئەوەی بەرەی كوردستانی بڕیاری دا لە 19ی ئایاری 1992 هەڵبژاردن لە كوردستان ئەنجام بدرێت، سەرۆك مەسعوود بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو رای گەیاند، ئەمڕۆ خۆشترین رۆژە لە ژیانی من، لەبەرئەوەی خەڵكی كوردستان خۆیان بڕیار دەدەن چ جۆرە حوكمڕانییەكیان دەوێت.

لە كاتی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ دروستبوونی یەكەمی حكوومەت، سەرۆك بارزانی بەدرێژایی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، دووپاتی لەسەر یەك پرەنسیپ دەكردەوە كە گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردنەكە سەركەوتوو بێت، ئەگەر هەڵبژاردنەكە سەركەوتوو بوو، ئەوا هەموو گەلی كوردستان براوەیە.

ئێستە لە هەرێمی كوردستان كابینەی نۆیەمی حكوومەت لە كارە و دروشمی چاكسازی بەرز كردووەتەوە كە ئاواتی هەموو گەلی كوردە، هەروەها لە دووی تەمووز یاسای چاكسازی چووەتە بواری جێبەجێكردن.



وشە - رامیار جەواد