باڵێكی یەكێتی: نادادپەروەری و نایەكسانییەكی زۆر لە یەكێتیدا هەیە

:: PM:01:53:09/07/2020 ‌
باڵێكی ناو یەكێتی ڕاگەیەنراوێك بڵاو دەكەنەوە و ڕای دەگەیەنن، نادادییەكی زۆر لە ناو یەكێتی هەیە، بۆیە ئێمە كاری حزبیمان بەشێوەیەكی نوێ‌ دەست پێ‌ كردووە و یەكێتیش بەشێوەی پێویست نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تەمووز، ناوەندی وەستانەوەی ناوك لە ڕاگەیەنراوێكیدا هاتووە، ساڵێك تێدەپەڕێت بەسەر راگەیاندنی ناوەندی وەستانەوەی یەكێتیی "ناوك" لە لایەن ژمارەیەك لە سەركردە و كادران و ئەندامە دڵسۆز و خەمخۆرەكانی مەڵبەند و مەكتەبەكانی یەكێتی، وەك هەوڵێك بۆ راستكردنەوەی حزب و وەستانەوە لە دژی ئەو كار و بڕیار و هەنگاوە نادروستانەی كە لەلایەن ژمارەیەك لە بڕیاربەدەستانی حزبەوە دەدران.

چەندان چەوتی و كەموكوڕی لەناو یەكێتیدا وایانكرد كادران و خەمخۆرانی حزب كۆ ببنەوە
ئەو ناوەندەی یەكێـتی ڕای گەیاندووە، چەندان چەوتی و كەموكوڕی لەناو یەكێتیدا وایانكرد كادران و خەمخۆرانی حزب كۆ ببنەوە و وەك دەستەیەكی یەكگرتوو لەناو هەناوی حزبەوە هەڵوێست وەربگرن و چالاكییەكانیان دەست پێ بكەن بۆ راستكردنەوەی كەموكوڕییەكان و نەهێشتنیان.

لەبارەی هەڵەكانی یەكێتی ئەو ناوەندی ئاشكرای كردووە، یەكێتی ئێستە تۆخبوونەوەی زیاتری باڵباڵێن و دابەشبوونی حزب بەسەر چەند بنەماڵەیەك و لاوازبوونی یەكێتی و كاڵبوونەوەی ئیرادەی بەرانبەر بە حزبەكانی تر لە هەرێم، نەبوونی سیاسەت و ستراتیجێكی روون لە دنیابینیی یەكێتی بەرانبەر بە ناوچە داگیركراوەكانی وەك كەركووك و خانەقین و مەخموور و شنگال و شوێنەكانی تر.

دانانی كەسانێكی بێ كەڵك و كەمتوانا و بێوەفا لە پۆستە حكوومییە باڵاكاندا لەسەر بنەمای كۆیلایەتی 
باس لەوەش كراوە، تەشەنەسەندنی گەندەڵی و بەرتیلخۆری لەو ناوچانەی دەكەونە ژێر هەژموونی حوكمڕانیی یەكێتی و تێوەگلانی چەندان بەرپرسی باڵای حزبەكە لەو گەندەڵییانەدا و تەخشان و پەخشانكردنی داهاتی یەكێتی، كۆنتڕۆڵكردنی لەلایەن چەند كوتلەیەكەوە و نادادپەروەری و نایەكسانییەكی زۆر لە پێدانی پلەی حزبی و پێدانی ئیمتیازی مادی لە ناو كادراندا، وایانكردووە جیا ببینەوە.

"دانانی كەسانێكی بێ كەڵك و كەمتوانا و بێوەفا لە پۆستە حكوومییە باڵاكاندا لەسەر بنەمای كۆیلایەتی و پاشكۆیەتییان بۆ چەند بەرپرس و بنەماڵەیەكی دیاریكراو و بازرگانیكردن بە پلە بەخشینەوە"، ئەوەش لە ڕاگەیەنراوەكەی ناوكدا هاتووە.

ئەو ناوەندە دەڵێت، ئەم هۆكارانە هاندەری سەرەكیی بوون بۆ كۆبوونەوە و كاری هاوبەشی كادرانی یەكێتی لە هەموو ئاستەكانی بەرپرسیارێتیدا لەناو حزب بۆ ئەوەی دەنگ هەڵبڕن و لەڕێی هوشیاركردنەوەی كادران و جەماوەر و پەردە هەڵماڵین لەسەر كەموكوڕی و نادادپەروەری و ناهەقییەكان و رێنوێنیكردن، هەروەها بایەخدان و هاندانی دەنگی دلێر و ناڕەزاییەكان، یەكێتی بەهێز بكەنەوە و بیكەنەوە جێی متمانەی خەڵك و پشتوپەنایان.

لەبارەی شێوازی كاركردنیان باسیان لەوە كردووە، ئێستە شێوازی كاركردنی كادران و هاوهەڵوێستانی ناوەندی وەستانەوە، شێوازێكی هێمنانەی راستگۆیانەیە بۆ دروستكردنەوەی متمانە و رێز لە نێوان كادران و ئەندامان. كادرانی ناوەندی وەستانەوە كە لە زۆربەی ئۆرگانەكاندا هەن و لە ئاستی جیاوازی بەرپرسیارێتیدان، بێ خۆدەرخستن و كەشوفشی بەردەم كەناڵەكانی راگەیاندن و سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەرك و بەرپرسیارێتیی خۆیان رادەپەڕێنن و خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی یەكێتی و گەشەپێدان و بەهێزكردن و نوێبوونەوەی دەدەن. 

ئەو ناوەندە ئاشكرای كردووە، هەوڵمان داوە لایەنگرانمان بۆ ئەوەی نەكەونە ژێر هیچ گوشارێكی مادی و تەناهی لەلایەن دەستڕۆیشتووەكانی ناو حزبەوە بۆ گۆڕینی ئاراستە و هەڵوێستی كاركردنیان، بە بڕیاری زۆرینەی دەستەی سەرپەرشتیی ناوەندی وەستانەوە، كار و ئەركەكان بێ خۆ ئاشكراكردن و بە نهێنی رادەپەڕێنن.

لەبارەی بێدەنگبوونیان لە كەموكوڕییەكانی ئەو چەند مانگەی یەكێتی ئاشكرایان كردووە، ناوەندی وەستانەوەی یەكێتی، پێی وایە بارودۆخی نالەباری كوردستان و لەڕووی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دۆخی داڕووخاوی تەندروستی كە بەهۆیەوە وایكردووە زۆربەی ئۆرگان و ناوەندەكانی بڕیاریش لە ناو یەكێتی كارا نەبن، گوشاری زۆر دروست نەكا و بوار بڕەخسێنێت بۆ پێداچوونەوە و رێكخستنەوەی حزب لە ئاستە جیاوازەكاندا. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا وەك تێبینی دەكرێت، بڕیاربەدەستانی یەكێتی لەم قۆناغەشدا وەك پێویست نەیانتوانیوە یان نەپرژاونەتە سەر ئەوەی هاوسەنگی هێز راگرن یان هەڵوێستەكانیان بەجۆرێك بن كە ببنە مایەی دڵخۆشی خەڵك و جەماوەرەكەی.

ئەو ناوەندە بیری سەركردەكانی یەكێتـی دەهێنێتەوە بەنموونەی كەركووك و دەڵێت، لە دۆسیەی شاری كەركووك، بەداخەوە كە بارودۆخەكەی رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت، دوای چەندان ساڵ و دوای ئەو هەموو بەڵێنەش ، بۆیان نەكرا پارێزگارێكی كورد دانێن كە بە پێی هەمو پێوەرەكان دەبێ پشكی یەكێتیش بێت.



وشە - رامیار جەواد