لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ئەگەری سێدارەدانی كوردێك هۆشداری دا

:: AM:10:16:23/09/2020 ‌
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشكرای كرد، حەیدەر قوربانی گیراوی سیاسیی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، مەترسی سێدارەدانی لەسەرە.

رێكخراوەكە لە نامەیەكدا بۆ ئیبراهیم یوونسی سەرۆكی دەزگای دادوەری ئێران داوای كردووە، سزاكە هەڵبوەشێنێتەوە و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە قوربانی دادگایی بكات.

قوربانی لە گرتووخانەی سنە دەستبەسەرە و داوای پێداچوونەوەی دۆسیەكەشی لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە رەت كراوەتەوە، بۆیەش هەردەم ئەو مەترسییە هەیە لە سێدارە بدرێت.
لە ژێر ئەشكەنجەدان ددانپێدانی لێ وەرگیراوە.

لە نامەكەدا باس لەوە كراوە قوربانی لە كاتێكدا بە تۆمەتی كوشتنی سێ ئەندامی سوپای پاسداران لە لایەن حزبی دیموكراتی كوردستان تۆمەتبار كراوە كە هیچ كاتێك خۆی چەكی پێ نەبووە، لە ژێر ئەشكەنجەدان ددانپێدانی لێ وەرگیراوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا ئەو گوتوویەتی، تەنیا شوفێری ئەو ئۆتۆمبێلە بووە كە هێرشەكە بەهۆیەوە ئەنجام دراوە و ئاگای لە هیچ شتێكی تر نییە.

شەرارە سادقی هاوسەری قوربانی بە بڵاوكردنەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی باسی لەوە كردووە، هاوسەرەكەی ئەشكەنجە دراوە و بە زۆر ددانپێدانانی لێ وەرگیراوە. ئەو داوای راگرتنی سزاكەی كردووە.


وشە - سلێمان تاشان