شەقام و هێزە سیاسییەكان پەیامی سەرۆكی حكوومەت بۆ وەستانی تەعریب بەرز دەنرخێنن

:: PM:09:12:23/09/2020 ‌

شەقام بە گشتی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەتی، پشتگیری لە پەیامی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی بۆ وەستاندنی شاڵاوی تەعریب و داگیركردنی زەوی جووتیارانی كورد دەكەن، دووپاتیان كردەوە كە كاتی یەكدەنگییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی زەوتكردنی مافی كورد.
پێویستە هاوشێوەی ریفراندۆم پاڵپشتی لە پەیامی وەستانی تەعریب بكرێت
 هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی مەڵبەندی 8ی خانەقینی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، پشتگیری لە پەیامی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، بۆ داكۆكیكردنی لە ناوچە كوردستانییەكان، چونكە ناوچە كوردستانییەكان كەوتوونەتە ژێر مەترسیی تەعریبێكی چڕەوە.

 زیاتر گوتی، گرنگە هێزە كوردستانییەكان رێگری لە تەعریبكردنی ناوچە كوردستانییەكان بكەن و یەكگرتوو بن و پشتگیری لە پەیامی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بكەن لەوبارەوە، دووپاتی كردەوە، لە سنووری خانەقین و ناوچە كوردستانییەكان بەهۆی شاڵاوی تەعریبەوە، هەست بە نامۆیی دەكەین، بۆیە رێگرتن لە شاڵاوی تەعریب لەم كاتەدا هەنگاوێگی گەورەیە.

 ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئەیلوول، لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دادی عێراقدا هاتووە، بڕیار درا بە ڕاگرتنی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی كە پێوەندیان بە زەویوزارە كشتوكاڵییەكانـەوە هەیە، تا ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی ویزاری بڕیار لەسەر چارەنووسیان دەدات، بڕیارەكان زەوی ناوچەكانی كەركووك و مووسڵ و سەڵاحەدین و دیالە و كەربەلا و نەجەف دەگرنە‌وە.

لای خۆیەوە حەمید عومەر، نوێنەری جووتیارانی ناوچەی سەرگەڕان، بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیاری وەستاندنی داگیركردنی زەویوزاری كورد زۆر گرنگە، چونكە ماوەیەكە هەڵمەتی هاتنی عەرەبی هاوردە بۆ سەر زەویوزاری جووتیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەستی پێ كردووە، بەتایبەتی لە گوندەكانی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان و گوندەكانی شارۆكەی دووبز لە پارێزگای كەركووك.

 عادل ساڵح، ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیستی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، بەرگرتن لە تەعریب و پاڵپشتیكردن لە هەوڵی وەستاندنی، ئەركی هەموو هاووڵاتییەكی كوردستانە، پێویستە هەموو كوردستانیان و تەواوی لایەنە سیاسییەكان، هاوشێوەی كاتی دەنگدانی (بەڵێ) بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی، ئێستە پاڵپشتی پەیامی وەستانی تەعریب بن لە ناوچە كوردستانییەكان.

 هاوكات بەختیار محەمەد، بەرپرسی پێوەندییەكانی ناوخۆیی گەرمیانی حزبی شیوعی كوردستان، بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، لەگەڵ سووربوونمان بۆ ویستی سەربەخۆیی و بەرزراگرتنی رۆژی ریفراندۆم، هاوكات هۆشداریمان داوە كە هەوڵێكی چڕ لە ئاردایە بۆ تەعریبكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكان، بۆ ئەوەیش یەكدەنگی كورد بە گرنگ دەزانین، هاوكات پشتگیری لە هەر هەوڵێك دەكەین بۆ بەرگرتن لە شاڵاوی تەعریب.

 ئەوە لە كاتێكدایە كە دوێنێ مەسروور بارزانی،‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان لە پەیامێكدا ڕای‌ گەیاند، بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەكەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای كەركووك، كە بەداخەوە سیاسەتی بە عەرەبكردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە.

 سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هۆشداری دا كە ئەوەی ڕوو دەدات، دووبارەكردنەوەی هەمان سیاسەتی بە عەرەبكردنی ڕژێمەكانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل