سلێمانی.. لە نزیك تاسڵوجە سەرووی 100 دۆنم زەوی بە نرخێكی كەم بە كۆمپانیایەك دراوە

:: PM:10:12:23/09/2020 ‌

زیاتر لە 130 دۆنم زەوی لە ناوچەی تاسڵوجە دراوە بە كۆمپانیایەك بە نرخێكی زۆر كەم و پارەیەكی رەمزی، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش رای دەگەیەنێت، ئەو زەوییانە نرخیان ملیۆنان دۆلارە و بازرگانین، بەڵام دراون بەو كۆمپانیایە و هەرزانفرۆش كراون. 
نرخی زەوییەكان زۆر گرانە و بازرگانین
زیاد كاكەرەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، لە پشتی ئەو سنۆبەرانەی لە چەند رۆژی رابردوو ئاگریان تێبەر بوو، لە نزیك ناوچەی تاسڵوجە لە سلێمانی، سەروو 100 دۆنم زەوی دراوە بە كۆمپانیایەك بە نرخێكی زۆر كەم و پارەیەكی رەمزی.

زیاتر گوتی، ئەو زەویانە 132 دۆنم دەبن، دراون بە كۆمپانیایەك بە ناوی كۆمپانیای "وێستكار"، بۆ یەك مەتر دووجا هەزار دیناری لێ وەرگیراوە، واتە دۆنمێك لەو زەوییەی بە دوو ملیۆن و 500 دینار پێ دراوە و هەڕاجفرۆش كراوە، چونكە نرخی ئەو زەویانە زۆر گرانە و بازرگانین و ملیۆنان دۆلار دەكەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی روونی كردەوە، ئەو زەویانە دەكرێن بە پاركی ئۆتۆمبێل، كەس ئاگاداری ئەو بابەتە نەبووە و تەندەری بۆ نەكراوە بۆ ئەوەی كێبڕكێ بكەوێتە نێوانیان، كۆمپانیاكەیش دیارە سەر بە حزبی دەسەڵاتداری سنوورەكەیە، ئەگەرنا چۆن پێی دراوە، كارەكەیش لەلایەن وەبەرهێنانەوە كراوە و بە موساتەحە داویەتی بەو كۆمپانیایە.

بەپێی زانیارییەكان ئەو 132 دۆنم زەوییەی دراوە بەو كۆمپانیایە، شوێنەكەی دەكرێتە پێشانگا و دابەش دەكرێ و دواتر نرخی هەر پێشانگایەك بە ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێتەوە.

كاكەرەزا دووپاتی كردەوە، هیچكەس خۆی ناكات بە خاوەنی ئەو زەوییە و ئەو سنۆبەرانەی لە چەند رۆژی رابردوو سووتێنران، هەر فەرمانگەیەكی سلێمانی كەمتەرخەمییەكەی دەخاتە سەر ئەوەی تر و لەسەر خۆی لادەبات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل