حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستان وێستگه‌یه‌كی مۆبایل له شارۆكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ دروست ده‌كات، ئێسته ده‌ست به كاره‌كانی كراوه و بودجه‌شی بۆ ته‌رخان كراوه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 11ی تشرینی دووه‌م، ڕه‌مه‌ك ڕه‌مه‌زان قایمقامی شارۆكه‌ی چه‌مچه‌ماڵی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ساڵانێكه كێشه‌ی بارزۆریی كاره‌بامان هه‌یه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رێی وه‌زاره‌تی كاره‌باوه وێستگه‌یه‌كی كاره‌بای مۆبایلی له شارۆكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ خسته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بارزۆرییه‌ی كاره‌بای نیشتمانیی سنووره‌كه.
ئەم پڕۆژەیە ماوه‌ی 400 رۆژی بۆ دانراوه تا ته‌واو بكرێت
زیاتر گوتی، هه‌موو كاره یاساییه‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه ته‌واو كراون و زه‌ویی بۆ ئاماده كراوه و ماوه‌ی 400 رۆژی بۆ دانراوه تا ته‌واو بكرێت، بڕی ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه بۆی ته‌رخان كراوه ملیارێك و و 694 ملیۆن دیناره.
لای خۆیه‌وه ئه‌ندازیار ئه‌رده‌لان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای شارۆكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌موو كاره‌كانی ده‌ستپێكردنی وێستگه‌ی مۆبایلی چه‌مچه‌ماڵ ته‌واو كراون و ده‌ست به جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه كراوه كه سوودێكی زۆر به سنووره‌كه ده‌گه‌یه‌نێت، به تایبه‌تی له وه‌رزی زستان كه كێشه‌یه‌كی زۆری كاره‌بامان هه‌یه له بارزۆریی محاویله‌كان.
له ماوه‌ی ڕابردووش‌دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی زیاتر راییكردنی كاره‌كانی رۆژانه، له رێی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه پێنج ئۆتۆمبێلی جۆری ده‌بڵ ئێكسلی به‌خشییه پێنج فه‌رمانگه‌ی سنووره‌كه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی