قایمقامی شنگال: سێ هەزار چەکداری پەکەکە مووچە لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن

:: AM:10:50:11/11/2020 ‌
قایمقامی شارەدێی شنگال گوتی، هێشتا سێ هەزار چەکداری پەکەکە لە حکوومەتی عێراق مووچە وەردەگرن و لە شنگال ماونەتەوە، خەڵکی شنگالیش ھەست بە مەترسییەکی گەورە دەکەن، بۆیە پێویستە بەزوویی پەکەکە دەربکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی تشرینی یەکەم، مەحما خەلیل قایمقامی شارەدێی شنگال بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تاکوو ئێستە پەکەکە لە شنگال ماون و دەرنەچوون، ھێشتا سێ ھەزار چەکداریان مووچە لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن، لەکاتێکدا پێشتر باس لە بڕینی دەکرا، بەڵام ئێستەش زانیاری ھەیە وەری دەگرن.

پێویستە حکوومەتی عێراق بەزوویی پەکەکە لە شنگال دەربکات

ئەوەشی گوت: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، تورکیا بەهۆی بوونی پەکەکە لە ناوچەکە، شنگالی جارێکی تر بۆردمان کرد، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە دڵی هاووڵاتییانی شنگالەوە، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق بەزوویی پەکەکە لە شنگال دەربکات، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بەئارامی بژین.

قایمقامی شنگال ڕای گەیاند، تا پەکەکە لە شنگال بمێنێت، مەترسی لەسەر شنگال بەردەوام دەبێت، بۆیە ھەنگاوی گرنگ لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەرکردنی پەکەکە دەبێت.

بەپێی ئەو ئامارەی قایمقامی شنگال ئاشکرای کرد، ھەشت ھەزار و 600 کەس ناوی خۆیان نووسیوە بۆ ئەوەی وەک پۆلیس دامەزرێن و شنگال بپارێزن، بەڵام تەنیا دوو ھەزار و 500 پۆلیس وەردەگیرێن، ھەر کاتێک ئەوپۆلیسانە دامەزران ئەوکات نابێت بەھیچ شێوەیەک پەکەکە لە شنگال بمێنێ.

شنگال/ بڵند ئیبراھیم 


وشە - ڕێناس شابان