"حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھۆکاری دواکەوتنی مووچە نییە"

:: AM:11:04:11/11/2020 ‌
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی خۆی بۆ مووچەی فەرمانبەران ئامادە کردووە، چاوەرێی بەغدا دەکات کە 320 ملیار دینار ڕەوانە بکات و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی تشرینی دووەم، محەمەد ئیلخانی بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێستە پارەی لە داھاتی خۆی بۆ مووچەی فەرمانبەران ئامادە کردووە، بەڵام بەشی مووچەی ھەموو وەزارەتەکان ناکات و چاوەرێ دەکات کە بەغدا 320 ملیار دیناری ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات بۆ مووچە ئینجا دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی لە داھاتی خۆی بۆ مووچەی فەرمانبەران ئامادە کردووە

ئیلخانی زیاتر گوتی، ھەرکاتێک حکوومەتی عێراق 320 ملیار دینارەکەی ڕەوانە کرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات و ھیچ کێشەیەکی نییە.

ڕوونی کردەوە، ھەرێمی کوردستان ھۆکاری دواکەوتنی مووچە نییە، بەڵکو بەغدایە باس لەوە دەکات پارەیان نییە و پێویستە قەرزی بکەن، بۆیە بەغداش کە دەستی بە دابەشکردنی مووچە کرد 320 ملیار دیناری ھەرێمی کوردستانیش ڕەوانە دەکات.

هەولێر/ بڵند ئیبراھیم 


وشە - ڕێناس شابان