کەمتر لە 15 موەلیدە ماون تا بڕیاری پارێزگاری هەولێر لەبارەی بێدەنگكردنی موەلیدەكان جێبەجێ بكەن ، سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانیش دەڵێت تا كۆتایی ئەم مانگە ئەگەر ئەوانەش موەلیدەكانیان نەگۆڕن، ئەوا سزاكەیان لە ملیۆنێكەوە بۆ سێ ملیۆن دینار بەرز دەبێتەوە.
ساڵی رابردوو پارێزگاری هەولێر بڕیاری دا سەرجەم موەلیدە ئەهلییەكان دەبێت تا سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی 2020 بێدەنگ بكرێن، ئەگەرنا سزا دەدرێن، سەرەتای ئەمساڵ لەبەر سەرهەڵدانی كۆرۆنا و ئەو رێوشوێنانەی دژی كۆرۆنا گیرانەبەر، ئیدارەی پارێزگای هەولێر مۆڵەتەكەیانی بۆ ماوەی پێنج مانگ بۆ درێژ كردنەوە و سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵی وەك دواین مۆڵەت دەستنیشان كرد.
لە سەرەتای مانگی رابردوو بڕیارەكەی پارێزگاری هەولێر لەسەر ئەو خاوەن موەلیدانە جێبەجێ كرد كە لەمبارەیەوە هیچ هەنگاوێكیان نەنابوو و نزیكەی نیوەی موەلیدەكان مابوون بڕیارەكە جێبەجێ بكەن.
ملیۆنێك دینار سزا لە هەر خاوەن موەلیدەیەك وەرگیرا بڕیارەکەیان پشتگوێ خستبوو
ملیۆنێك دینار سزا لە هەر خاوەن موەلیدەیەك وەرگیرا و دیسان مۆڵەتی تریان پێ دراوەتەوە لەم رووەوە هەنگاوی پێویست بنێن، ئەگەرنا سزاكە زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە.
قارەمان مەولوود سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانی پارێزگای هەولێر بۆ "وشە" ئاماژەی دا، زۆربەی خاوەن موەلیدەكان بڕیارەكەی حكوومەتیان جێبەجێ كردووە و لەوانەیە 10 تا 15 موەلیدە مابن كە وەك پێشتر كار دەكەن.
سزاكەیان لە ملیۆنێك دینارەوە بۆ سێ ملیۆن دینار بەرز دەبێتەوە.
ئەو روونی كردەوە مۆڵەتەكە تا كۆتایی ئەم مانگەیە و ئەگەر ئەوانەش سیستمی موەلیدەكانیان نەگۆڕن، ئەوا سزاكەیان لە ملیۆنێك دینارەوە بۆ سێ ملیۆن دینار بەرز دەبێتەوە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكان بڕیارەكەی حكوومەت بە بڕیارێكی زۆر گونجاو دادەنێت و پێی وایە، جگە لەوەی كە بەم بڕیارە خەڵك لە ژاوەژاو و دەنگی موەلیدەكان رزگاریان بووە و سوودی بە ژینگە گەیاندووە، ئەوا خاوەن موەلیدەكان خۆشیان سوودیان لێ بینیوە و بە رێكارێكی باشتر ئەم خزمەتگوزارییە پێشكەش دەكەن.
بڕیارەكە لێخۆشبوونی بۆ هیچ كەسێك نییە
پێشتر هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ "وشە" گوتبووی بڕیارەكە لێخۆشبوونی بۆ هیچ كەسێك نییە و هەر دەبێت جێبەجێ بكرێت، ئەگەر خاوەن موەلیدەیەك بڕیارەكەی جێبەجێ نەكردبوو، ئەوا مافی دانانی موەلیدەكەی لێ دەستێنرێتەوە و رێ بە كەسێكی تر دەدرێت موەلیدەی نوێ دابنێت.
بەشێك لە خاوەن موەلیدەكان بە بێدەنگكردنی موەلیدەكانیان هەوڵیان داوە موەلیدە كۆنەكانیان بگۆڕن و موەلیدەی نوێ و كاتم بكڕن، بەشێكی تریشیان هەر موەلیدە كۆنەكانیان بەكار دەهێنن، بەڵام بە دانانی فیلتەر و دروستكردنی دیوار و كۆمەڵێك هەنگاوی تر دەنگی موەلیدەكانیان بۆ ئاستێكی زۆر نزم كەم كردووە.
هەرچەندە موەلیدە ئەهلییەكان رۆڵێكی زۆر كاریگەریان هەبووە لە دابینكردنی كارەبا بۆ هاووڵاتییان و ئەو بۆشاییەیان لە پێدانی كارەبا پڕ كردووەتەوە كە حكوومەت نەیتوانیوە دابینی بكات، بەڵام لەهەمان كاتدا زیانیشیان هەبووە.
زیانی موەلیدەكان زیاتر لە بواری ژینگە بووە
زیانی موەلیدەكان زیاتر لە بواری ژینگە بووە و لە گەڕەكەكان بە تایبەتی ئەو ماڵانەی لە نزیك موەلیدەكان هەڵكەوتوون، ئەوا بە دەنگە زۆرەكەی هەست بە بێزاری دەكەن.
یەكێك لە گرنگترین بڕیارەكانی ئیدارەی پارێزگای هەولێر لەم كابینەیەدا بێدەنگكردنی موەلیدەكان بووە و هاووڵاتییان لە دوای جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە لە ژینگەیەكی ئارامتردا دەژین.
بڕیارەکە سەرجەم هوتێل و موتێل و چێشتخانە و شوێنە بازرگانی و گشتییەكانیش دەگرێتەوە
بڕیاری بێدەنگكردنی موەلیدە ئەهلییەكان تەنیا بۆ گەڕەكەكان نییە، بەڵكو سەرجەم هوتێل و موتێل و چێشتخانە و شوێنە بازرگانی و گشتییەكانیش دەگرێتەوە و ئەگەر سوود لە موەلیدەی تایبەتیی خۆیان وەردەگرن دەبێ بێدەنگی بكەن.
لە هەولێر سەرووی هەزار موەلیدەی ئەهلی هەن و یەكێك لەو موەلیدانەش كە هێشتا لای خاوەنەكەی نە بای دێت و نە باران، موەلیدەی گەڕەكی هیوا سیتییە كە گەڕەكێكی پێشكەوتووە، بەڵام ژاوەژاوی لە رادەبەدەری موەلیدەكە ئارامی و خۆشی لەو گەڕەكە بڕیوە و خەڵك چاوەڕوانن ئەگەر درەنگیش بێت، ئەوا ئەو ئارامییە ئەوانیش بگرێتەوە.