به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی هه‌رێم ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به ئه‌لیكترۆنیكردنی فۆڕمی به‌شه‌خۆراكی مانگانه له دوو پارێزگای هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌ی ئه‌زموونی ده‌ستی پێ كردووه، ده‌شڵێت به جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه ئاسانكاری زۆر بۆ هاووڵاتییان و بریكاره‌كانی خۆراك ده‌كرێت.
کارەکانی دهۆک تەواو بووە و لە هەولێر و سلێمانیش دەست بە کۆکردنەوەی داتا دەکرێت
ئه‌مڕۆ شه‌موو 11ی كانونی دووه‌م، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی هه‌رێم به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، قۆناغی ئه‌زموونی بۆ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی فۆڕمی به‌شه‌خۆراكی هاووڵاتییان له دهۆك كۆتایی پێ هات، بڕیاره له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا له هه‌ولێریش بریكارێك دیاری بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌ی تاقیكردنه‌وه ئه‌نجام بدرێت و دواتریش له سلێمانی ده‌ست پێ ده‌كات.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، كاره‌كه قۆناغێكی باشی بڕیوه و له چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراقیشدا ئه‌نجام دراوه، ڕێكخراوی (WFP) كاره‌كه‌ی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ و چه‌ند گرفتێك له پرۆسه‌كه هه‌یه پێویستی به چاره‌سه‌ركردن هه‌یه و ڕێكخراوه‌كه‌ش ڕه‌زامه‌ندی پێشان داوه، به‌تایبه‌ت دابینكردنی هێڵی ئینته‌رنێت بۆ بریكاره‌كانی خۆراك كه ئه‌و ئامێره‌ی داده‌نرێت له‌لایه‌ن بریكاره‌كان پێویستی به ئینته‌رنێتی به‌رده‌وام هه‌یه، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بریكارانه‌ی ته‌مه‌نیان هه‌ڵكشاوه و قورسه له پرۆسه‌كه بگه‌ن.
گوتی، ئێسته له هه‌وڵداین بۆ ئه‌وه‌ی لینكی كارتی نیشتمانی ببه‌ستینه‌وه به زانیارییه‌كانی كارتی زیره‌كی به‌شه‌خۆراك كه هه‌مان زانیارییه‌كانی كارتی زیره‌كی خۆراك ئه‌و زانیارییانه له كارتی زیره‌كیش هه‌بن و ڕێكخراوه‌كه‌ش ڕه‌زامه‌ندی پێشان داوه.
"به ئه‌لیكترۆنیكردنی كارتی زیره‌كی خۆراك هه‌نگاوێكی باش و ئه‌رێنییه و كۆتایی به ڕۆتینی چوون و هاتنه‌وه‌ی ناو، یان زیادبوونی ئه‌ندام خێزان و ئه‌وانه‌ی ده‌بنه هاوسه‌ر، له ڕێی مۆبایل و ئه‌پڵیكه‌یشنێكه‌وه، كه‌سه‌كه ته‌واوی زانیارییه‌كان ده‌دات، دواتر ڕه‌وانه‌ی بنكه‌ی سه‌ره‌كی ده‌كرێت و ناوه‌كه‌ی له بنكه‌ی سه‌ره‌كی تۆمار ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ته‌واوی ئاسانكارییه به‌راورد به‌وه‌ی ئێسته كه هه‌یه". نه‌وزاد ئه‌دهه‌م وای گوت.
به‌پێی دواین زانیاری له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، سه‌رووی 30 ملیۆن هاووڵاتی له به‌شه‌خۆراكی مانگانه تۆمار كراون و به‌شێك له‌وانه‌ی له چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌ره‌وه‌ن و ئه‌و به‌شه‌خۆراكه وه‌رناگرن.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی