گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕای گەیاند، رێوشوێنەكانی قەدەغەی هاتوچۆ توندكراوە و رێ لە هەموو كۆبوونەوەیەكی ناو گەڕەكەكانیش دەگرین.
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئادار، سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ڕای گەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ بە باشی بەڕێوە دەچێت و لەمڕۆوە ڕێوشوێنەكان توندتر دەكرێ.
هەموو گردبوونەوە و كۆبوونەوەیەك قەدەغەیە
ڕوونیشی كردەوە كە هەموو گردبوونەوە و كۆبوونەوەیەك قەدەغەیە تەنانەت تیمەكانی پۆلیس و ئاسایش لە كۆڵانەكاندا دەگەڕێن و كۆبوونەوەی ناو گەڕەكەكان ڕێی پێ نادرێ.
لەگەڵ ئەوەی سلێمانی یەكێك بوو لەو شارانەی كە پێشتر زۆرترین تاوان و رووداوی تێیدا روو دەدا، بەڵام سەركەوت ئەحمەد دەڵێ، لەوەتەی قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە هیچ تاوان و دزییەك لە سنوورەكەدا ڕووی نەداوە.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییانی كوردستان تا 23ی ئەم مانگە قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە.