"حكوومەتی هەرێم ئەركەكانی جێبەجێ كردووە و دەبێت یاسای چاكسازیش جێبەجێ بكرێت"

:: PM:10:20:21/03/2020 ‌

شارەزایەكی بواری ئابووری رای دەگەیەنێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای قوڕسی ئەركەكانی و هەستیاری دۆخەكە، كارەكانی خۆی كردووە و لە رووی داراییشەوە ئەركەكانی بە باشی جێبەجێ كردووە.
گرنگیدان بە كشتوكاڵ و گەشتوكوزاری دۆخی بژێوی خەڵك دەبووژێننەوە
ئەمڕۆ شەموو، نەوزاد كامل، شارەزای بواری ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، لەو دۆخەی ئێستە كە تێی كەوتووین، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركێكی قوڕسی كەوتووەتە سەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كارەكان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن و خزمەتێكی باش بە هاووڵاتییان كراوە.

زیاتر گوتی، باشترین خزمەت كە ئێستە حكوومەت پێشكەیشی هاووڵاتییانی كردووە، دەركردنی ئەو رێنوێنییە تەندروستیانەیە كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تێی كەوتووین، ئەمەیش بە هەمان شێوەی لایەنی ئابووری و دارایی خزمەتكردنە بە هاووڵاتییان و كارێكی گرنگە.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، ئەوەی تا ئێستە هەیە حكوومەت لە رووی داراییەوە كە پێدانی مووچەیە بەردەوامە، بەڵام بۆ ئەوەی خۆی ئامادە بكات بۆ هەر حاڵەتێك و رووبەڕووبونەوەی هەر دۆخێكی خراپ، پێویستە یاسای چاكسازی و ئەوەی پێوەستە بە داهات و خەرجی بە خێرایی جێبەجێ بكرێت، هەروەها لایەنی كشتوكاڵ و گەشتوگوزاریش گرنگی پێ بدرێت، چونكە بە پەرەپێدانی ئەو دوو لایەنە راستەوخۆ دۆخی بژێوی خەڵك باش دەبێت و پێویستە گرنگی بە پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا بدرێت و لێكتێگەشتنی باش هەبێت لەسەر داهات و ئەو پارەی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل