مستەفا چاوڕەش: هێزە تەناهییەكانى عێراق كەمتەرخەمن و داعش سەرهەڵدەداتەوە

:: PM:07:30:09/04/2020 ‌
فەرماندەی گشتیی هێزەكانی 70 رای دەگەیەنێت، بەهۆی كەمتەرخەمی و ناچالاكی هێزە عێراقییەكان و هێزە چەكدارەكان، داعش چالاكی ئەنجام دەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی گشتی هێزەكانی ٧٠ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، شەری داعش لە عێراق بووەتە شەڕێكی پارتیزانی، بە چوار كەسیانەوە دەتوانن شەڕێك و هێرشێك بكەن سەر خاڵێكی سەربازی.

داعش ئێستە تەنیا دەرفەتەكان دەقۆزێتەوە
ڕوونیشی كردەوە كە بە درێژایی هەزاران كیلۆمەتر سنوورمان هەیە، داعش ئێستە تەنیا دەرفەتەكان دەقۆزێتەوە و لە هەر شوێنێك كەمتەرخەمی و لاوازییەك هەبێ دەقۆزێتەوە و هێرش دەكات.

" ئێستە داعش وەك جارا نییە وەك سێ ساڵی رابردوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی ناوچەكانی عێراق هەن و كۆبوونەتەوە، هیزە عێراقییەكان و هیزە چەكدارەكانیان وەك حەشدی شەعبی، بەهۆی ئەوەی هیچ چالاكییەكیان نییە و كەمتەرخەمن، بۆیە داعش ناوە ناوە لە پەنای ئەواندا هێرش دەكەن" مستەفا چاوڕەش وای گوت.

لێدوانی ئەو بەرپرسەی یەكێتی لە كاتێكدایە كە داعش ناو بەناو لە سنووری كەركووك و گەرمیان و خانەقین،  هێرش دەكەن، ئەوەیش بەهۆی دروستبوونی بۆشایی تەناهیی لەلایەن هێزە عێراقییەكان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم