دروستكردنی خانوو و باڵەخانەكان لە هەولێر دەستی پێ‌ كردەوە

:: AM:10:46:19/04/2020 ‌
ئەندازیارێكی خانووبەرە ئاشكرای دەكات، لە هەولێر دەست بە دروستكردنی خانوو و باڵەخانەكان دەكرێتەوە و بەرپرسانی شارەوانی مۆڵەتیان داوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی نیسان، سوڵتان قادر ئەندازیاری بواری بیناسازی و خانووبەرە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سنووری هەولێر لەلایەن شارەوانییەكانەوە بەمەرجی خۆپارێزی، ئێستە ڕێ دەدرێت بە دروستكردنی خانووبەرە و باڵەخانەكان.

بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگیرابوون و ئێستە دەست پێ‌ دەكرێنەوە
ڕوونی كردەوە، ئەو ڕێپێدانە بۆ ئەو خانووانەیە كە پێشتر مۆڵەتیان وەرگرتبوو، بەڵام بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگیرابوون و ئێستە دەست پێ‌ دەكرێنەوە.

لە ئاگەدارییەكدا كە لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی دوو ئاشكرا كراوە، هاووڵاتییان ئاگەدار دەكەینەوە ئەوانەی كە ڕێپێدانی كاركردنیان هەیە بۆ دروستكردنی خانوو یا دوكان یا باڵەخانە یاخۆ هەر جۆرە باڵەخانەیەكی تر، دەتوانن دەست بە كارەكانیان بكەن بەگوێرەی ئەو ڕێپێدانەی كە پێشتر وەریان گرتووە، بۆ ئەوەش دەبێت پابەندی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ بن.

 باس لەوەش كراوە، پێویستە كرێكاران دەستكێش و دەمامك بەكار بهێنن، پێویستە كرێكاراكان لە كۆنەبوونەوە لە یەك شوێن و دروست نەكردنی قەرەباڵغی پابەند بن.

ئەوەش ئاشكرا كراوە، خاوەن موڵك دەبێت تابلۆیەك بە پێوانەی 40 بە 60 سانتیمەتر لە شوێنی كارەكەی خۆی هەڵواسێت كە ژمارەی مۆبایل و ژمارەی ڕێپێدانەكەی و ڕۆژی دەرچوونی ڕێپێدانەكەی تێدابێت.



وشە - رامیار جەواد