شۆفێری هێڵه‌كانی ناو شاری سلێمانی كه هاووڵاتییان له ناو بازاڕه‌وه بۆ كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كان و به پێچه‌وانه‌شه‌وه ده‌گوازنه‌وه، له به‌رده‌م قایمقامییه‌تی سلێمانی گرد بوونه‌وه و داوایان كرد ده‌ست به‌كار بكه‌نه‌وه.
ئه‌و شۆفێرانه له به‌رده‌م بینای قایمقامییه‌ت گرد بوونه‌ته‌وه و ده‌ڵێن، له رابردوودا زۆر كاریان به‌وان كردووه و هه‌ركات ئیشیان به ئێمه هه‌بێ له ڕیزی پێشه‌وه دامانده‌نێن، به‌ڵام ئێسته پشتگوێ‌یان خستووین.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 19ی نیسان، دیار مسته‌فا به‌رپرسی هێڵی پاسه‌كانی سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ر خاوه‌نكارێكی تر پێویستمان به‌وه‌یه كاره‌كانمان بكرێنه‌وه و ده‌ست به كاری خۆمان بكه‌ینه‌وه، چونكه بژێوی شۆفێری پاس له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌یه‌تی.
به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی پاسیان هه‌یه كرێچی و بێكار و بێ سه‌رچاوه‌ی دارایین
هه‌روه‌ها گوتی، مادام دوكان و شوێنكاره‌كان و ناو بازاڕ خه‌ریكه به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه ده‌ڕوات، كه‌واته هاووڵاتییانیش پێوستیان به‌وه‌یه هاتوچۆ بكه‌ن و پاسه‌كانیش پێویسته ده‌ست به‌كار بكه‌نه‌وه و چاوه‌ڕێی بڕیار ده‌كه‌ین.
عومه‌ر محه‌مه‌د یه‌كێك له‌و شۆفێرانه به "وشه"ی راگه‌یاند، ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو مانگه هیچ كارمان نه‌كردووه، به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی پاسیان هه‌یه كرێچی و بێكار و بێ سه‌رچاوه‌ی دارایین، شۆفێرمان هه‌یه نه‌خۆش و كرێچییه، ئه‌و كاره نه‌كات ناتوانێ بژی، كاتێك ئیشیان به ئێمه ده‌بێ له ریزی پێشه‌وه‌ین، به‌ڵام ئێسته پشتگوێ خراوین.
له‌ناو شاری سلێمانی زیاتر له هه‌زار پاس كاری گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییان ده‌كه‌ن، زیاتر له 35 هێڵی گواستنه‌وه‌ی هێڵیش هه‌یه.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو خاوه‌ن دوكان و شوێنكاره‌كان له‌ناو شاری سلێمانی چوونه به‌رده‌م قایمقامییه‌ت و گردبوونه‌وه و داوایان كرد دوكانه‌كان بكه‌نه‌وه، بڕیار درا له ئه‌مڕۆوه دوكانه‌كان بكرێنه‌وه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی