ئاگرێک لە هەولێری نوێ کەوتەوە و دوو كەس بوونە قوربانی

:: PM:01:24:19/04/2020 ‌
ئاگرێك لە گەڕەكی هەولێری نوێ كەوتەوە و بەو هۆیەوە دوو كەس بوونەتە قوربانی و بەخێرایی بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی نیسان، سەركەوت كاڕەش بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگریی شارستانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە گەڕەكی هەولێری نوێ‌ بەهۆی لەحیمكردن لەناو موەلیدەیەكی ئەهلی، ئاگرێك كەوتەوە.

بەهۆی ئاگرەكەوە دوو كەس سووتان و باری تەندروستییان باشە
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگریی شارستانی هەولێر گوتی، بەهۆی ئاگرەكەوە دوو كەس سووتان و باری تەندروستییان باشە و بەخێرایی بۆ نەخۆشانە گواستراونەتەوە.

باسی لەوەش كرد، ئێستە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كراوە، تیمەكانی بەرگریی شارستانی هەولێریش هەوڵی پاككردنەوە و دڵنیابوونەوە لە شوێنەكە دەدەن تا زیانی تر دروست نەبێت.

ئەو ئاگرە لە سەعات 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ كەوتەوە و تا ئێستە تیمەكانی بەرگریی شارستانی هەولێر لە شوێنی ڕووداوەكەدان.

گەڕەكی هەولێری نوێ‌ دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر و یەكێكە لە گەڕەكە نوێیەكانی شارەكە، لە دوای ساڵی 2005 دروست بووە و ژمارەی پارچە زەوییەكانی نزیكەی 12 هەزار پارچە زەوی دەبن.



وشە - رامیار جەواد