شاندی حکوومەتی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا ڕاگەیاند

:: PM:02:29:19/04/2020 ‌
شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕێككەوتنی لەگەڵ حكوومەتی عێراق ڕاگەیاند و چۆنیەتی ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دیاری كرا.

هەرێم بەشێوەی پێشووی بەردەوام دەبێت لە ناردنی نەوت
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی نیسان، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، شاندی هەرێم و بەغدا رێككەوتن و هەرێم بەشێوەی پێشووی بەردەوام دەبێت لە ناردنی نەوت.

سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان گوتی، حكوومەتی هەرێم لەڕێی كۆمپانیای دیلۆیت بەردەوام زانیارییەكانی بڵاو دەكاتەوە و پابەندیش دەبێت بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، هەردوولاش هەستیان بەبەرپرسیاریەتی كردووە و پابەند دەبن بە رێككەوتنەكان.

سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند، دەمانەوێ كاریگەرییە نەرێنییەكانی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكرێتەوە، لە كۆبوونەوەشماندا لەگەڵ براكانمان لە هەرێمی كوردستان، سەرجەم بیروبۆچوونەكان ئاڵوگۆڕ كران تا بتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین.

باسی لەوەش كرد، رێككەوتووین لەسەر ئەوەی هاوئاهەنگی هاوبەشمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی رۆڵی عێراق لە رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی زیاتر بكەین، پێویستە زانیارییەكان لەبواری دۆسیەی نەوت بەتەواوی بخرێنەڕوو.




وشە - رامیار جەواد