سۆران.. هاووڵاتییان نیگەرانی لە گرانی كرێی كارەبای مۆلیدە دەردەبڕن

:: PM:09:14:06/05/2020 ‌

لە سەنتەری شارۆكەی سۆران نرخی كارەبای مۆلیدە بۆ ئەم مانگە، بە شێوەیەك دیاریكراوە كە لە تەواوی شار و شارۆكەكانی تری كوردستان زیاترە، ئەمەیش نیگەرانی هاووڵاتییانی دەڤەرەكەی لێ دەكەوێتەوە.
پێداچوونەوە بە نرخی كارەبا بكرێ و رەچاوی ژیان و گوزەرانی خەڵك بكرێت
لە سۆران نرخی یەك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە، لە نێوان هەشت بۆ هەشت هەزار و 500 هەزار دینار دیاری كراوە، ئەم نرخەیش لەگەڵ تەواوی شار و شارۆكەكانی تری كوردستان جیاوازی هەیە و زیاترە، بە شێوەیەك لە هەندێك گەڕەكی هەولێر 3250 بۆ 3500 وەرگیراوە و لە سلێمانیش چوار هەزار دینار وەرگیراوە، بەرپرسێكی كارەبای سۆرانیش هۆكارەكە بۆ " وشە " ئاشكرا دەكات.

سەردار قادر، دانیشتووی گەڕەكی شەهیدانی ئازادی لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، ئەم مانگە كارەبای نیشتمانی بە بەراورد بە مانگەكانی پێشتر زۆر باش بوو، رەنگە سەرووی 20 سەعات كارەبامان هەبووبێت، بەڵام نرخی كارەبای مۆلیدە بۆ هەر ئەمپێرێك هەشت هەزار و 500 دینار دیاری كراوە.

زیاتر گوتی، بەداخەوە سۆران تاكە شارە پارەی زۆر بۆ مۆلیدە وەردەگرێ، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بەو نرخانە بكرێ و رەچاوی ژیان و گوزەرانی خەڵك بكرێت، چونكە لەم كاتە هەستیارەدا سەرجەم كار و كاسبی وەستاوە و مووچە نزیكەی دوو مانگە دواكەوتووە، ئەو نرخە كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك، بە تایبەتی خێزانە كەمدەرامەتەكان دەبێت. 

لای خۆیەوە، وەفا سەعیدخان، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بارگرانی هیڵەكانی گواستنەوەی كارەبا لە سنوری شارۆكەی سۆران، نەتوانراوە خشتەی كارەبای نیشتمانی وەك ناو شاری هەولێر پێڕەو بكرێت، بۆیە سەعاتەكانی كارپێكردنی مۆلیدەی ئەهلی زیاترە بە بەراورد لەگەڵا شوێنەكاتی تر و كارەباریان زیاتر داوەتە هاوبەشان.

زیاتر گوتی، نرخی سەعاتی ئەمپێرێكی مۆلیدەی ئەهلی بە (38.25) دینار لەلایەن پارێزگاوە بۆ سۆران دیاری كرا، موەلیدەكانیش بە تێكڕایی "218" سەعات كاریان كردووە، واتە نرخی ئەمپێڕێك لە سۆران لە 8 هەزار دینار بۆ 8500 دینارە و لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تریش نرخ جیاوازە.

"پاش تاوتوێكردنی دانانی نرخی كارەبای مۆلیدە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر و كۆنتڕۆڵی كارەبا و بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سۆران و قایمقامیەتی سۆران، بەڵێنمان پێ دراوە لە مانگی داهاتوودا قەرەبووی ئەو برە كارەبای نیشتمانییە بكرێتەوە كە لە مانگی نیسان نەدراوە، بێگومان ئەگەر سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتیمانی زیاد بدرێنەوە، كرێی كارەبای مۆلیدە كەمتر دەكرێتەوە"، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سۆرانوای گوت.
 
سۆران لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە و بە دووری 110 كم لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە، ژمارەی دانیشتوانانی 200 هەزار كەسە، لەناو سۆران، 117 مۆلیدە ئەهلی هەیە كە لە كاتی نەبوونی كارەبای نیشتمانی، بەتایبەت كاتە پێویستەكان، كارەبای مۆلیدە بە هاووڵاتییان دەدرێت .

سۆران/ موڕشید براۆدستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل