چەكدارانی داعش لە سەرگەڕان بە چاو دەبینرێن

:: PM:11:21:06/05/2020 ‌

 بەرپرسانی كورد لە سنووری شارەدێی سەرگەڕانی سەر بە شارۆكەی دوبز، سەرهەڵدانی داعش بە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ناوچەكانی تری كوردستان دەزانن، ئەوان دووپاتی دەكەنەوە كە زانیاری هەیە هەندێك لە گوندنشینانی عەرەب هاوكاریان دەكەن.
عەرەبی هاوردە هاوكاری داعش دەكەن
جەواد محەمەد، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی دوبزی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، داعش لە سەرگەڕانەوە، مەترسی لەسەر دوبز و دەوروبەری دروست كردووە، ئێستە مەترسییەكە بە جۆرێكە كە زانیاری هەیە هەندێك لە گوندنشینانی عەرەب هاوكاریان دەكەن.

زیاتر گوتی، چەكدارانی داعش بە چاو دەبینرێن و ئەندامی هێزە تەناهییەكان دەڕفێنن و خەندەك لێدەدەن، دیارە داعش لەلایەن عەرەبی هاوردەوە هاوكاری دەكرێن، كە لە پاش 16ی ئۆكتۆبەر، گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكە.

لای خۆیەوە خالد ئیبراهیم، بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە دوبز، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بۆشایی تەناهی لە نێوان شارەدێی سەرگەڕانی سەر بە شاركەی دوبز و ناوچەی قەرچووغ، زۆرە بۆیە داعش جووڵەی هەیە، ئەو ناوچانەیش بۆ سنووری شارۆكەی مەخموور درێژ دەبنەوە.

زیاتر گوتی، لە تازەترین پەلاماری داعش لەم شەوانە لە سنووری سەرگەڕان، رووبەرێكی فرەوانی دەغڵودانی جووتیارانی كورد سووتێنرا .

عەقید مەریوان محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دوبز بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، هەوڵەكانمان بۆ پاراستنی دۆخی تەناهی ناوچەكە بەردەوامە، بۆ ئەوەیش لەگەڵ سوپا هاوئاهەنگیمان هەیە.

 شایەنی باسە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری باڵێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، كە بەو هۆیەوە زیاتر لە 50%ی خاكی كوردستان كەوتە ژێر دەسەڵانی میلشیا شیعەكان و سوپا و پۆلیسی عێراقییەوە، ئەو ناوچانە جیا لەوەی داگیر كران، داعش بووەتە مەترسی بۆ سەر دانیشتوانەكەی.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل