كاتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئاشكرا كرا

:: AM:10:47:19/05/2020 ‌
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕوونی دەكاتەوە، ئەگەر حكوومەت كێشەكەیان چارەسەر بكات  و پێداویستییەكان بۆ سایلۆكان دابین بكات، سەرەتای مانگی داهاتوو دەست دەكرێت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە وەكالەت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە یەكی حوزەیران دەست بكرێت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان.

لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست بە وەرگرتنی گەنم دەكرێت
بەڕێوەبەری سایلۆ گوتی، ئەگەر هیچ كێشەیەك نەیەتە پێش و سەرجەم كێشەكانی هەیە چارەسەر بكرێن، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست بە وەرگرتنی گەنم دەكرێت.

ئەوەشی ڕوون كردەوە، كۆمەڵێك كێشە هەیە پێویستیان بە چارەسەرە، ئەگەر نا وەرگرتنی گەنم دوا دەكەوێت، چاوەڕوانین ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن.

باسی لەوەش كرد، كێشەكان پێوەستن بە دابینكردنی سووتەمەنی و چەند شتێكی تر، بۆیە چاوەڕوانین حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كێشانە چارەسەر بكات، هەرچەندە ئەوەی پێوەستە بە حكوومەتی عێراق هیچ كاردانەوەیەكیان نییە بۆ چارەسەر و بێ‌ باكن.

ساڵانە حكوومەتی عێراق چەندان كێشە بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەرنەگرێت.



وشە - رامیار جەواد