بەرپرسێكی هاتوچۆ ڕای گەیاند، بەپێی بەیانی ژمارە 19ـی وەزارەتی ناوخۆ، سزا بۆ ئەو کەسانە دیاری کراوە کە لە ڕۆژانی جەژندا پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ نابن.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە یەكەمین ڕۆژی جەژن دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سزاكەشی بەپێی بەیانی ژمارە 19ـی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت.
لە سەرەتادا بڕی 100 هەزار دینار غەرامەیە، لە دووبارەكردنەوەی دەبێت بە 300 هەزار دینار
ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ گوتی، لە بەیانی ژمارە 19دا هاتووە، هەر كەسێك پابەند نەبێت بەو بڕیارە، لە سەرەتادا بڕی 100 هەزار دینار غەرامەیە، لە دووبارەكردنەوەی دەبێت بە 300 هەزار دینار.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر كەسەكە بۆ سێیەم جار دووبارەی كردەوە، ئەوا تیمەكانی هاتوچۆ دەتوانن دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا بگرن.
شەوی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا كە سێ ڕۆژی جەژن بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی دەبێت لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێگری بكرێت لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا.