ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكە و سەرۆكی ئەنجوومەنەكەش دەڵێت، لەو پڕۆژەیە دەتوانین كار لەسەر بەقوتووكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی بكرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، پڕۆژەیەكی بەرەنگاربوونەوەی كاریگەرییەكانی كۆرۆنای لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی ئامادە كردووە، چونكە ئێستە پردی پێوەندی نێوان وڵاتان پچڕاوە.
لە داهاتوودا دنیا تووشی كێشەیەكی ئاسایشی خۆراك دەبێتەوە
باسی لەوەش كرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كارگەكانی كاڵای جیهانی لەكار كەوتوون، هەروەها لە داهاتوودا دنیا تووشی كێشەیەكی ئاسایشی خۆراك دەبێتەوە، لەبەرئەوە وڵاتانیش گرنگی بەئـاسایشی خۆراك لە ناوخۆی خۆیان دەدەن.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، پڕۆژەكە چەند بابەتێك لەخۆ دەگرێت وەك هاندانی جووتیاران لەڕووی گەنمی سپی كە ئاردی سفری لێ دروست دەكرێت، سێ جۆری هەیە بنەتۆیەكەی لەسەر وەزارەتی كشتوكاڵ دابین بكرێت بۆ ئەوەی ئارد لە دەرەوە هاوردە نەكرێت.
"دەتوانین كار لەسەر بەقوتووكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی بكرێت كە ئەمەش بەشێكە لە پڕۆژەكە، لە كەرتی ئاژەڵدار و پیشەسازیش كە هان بدرێن بەتایبەت كارگەكان هاوكاری بكرێن لەبارەی باج و پێدانی قەرزی درێژخایەن، تا ئەو كارگانەی تووشی داڕمان بوونە دەست بەكار بكەنەوە، چونكە سەرمایەی ئەم وڵاتەن، ڕاپۆتەكە دەدرێتە لیژنەی تایبەتمەند بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەمی لایەنی پێوەندیدار و حكوومەت". سەرۆكی ئەنجوومەن وای گوت.