بڕیاری نوێ لەسەر مزگەوتەكان لە ڕۆژانی جەژن دەدرێت

:: PM:01:14:19/05/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، چاوەڕوانی بڕیاری كردنەوە یان داخستنی مزگەوتەكان لە ڕۆژانی جەژن دەکەن. 

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ كراوەیی یان داخستنی مزگەوتەكان لە ڕۆژانی جەژن، چاوەڕوانی بڕیاری ژووری ئۆپراسیۆنەكانین.

ژووری ئۆپراسیۆنەكان هەر بڕیارێك بدات، ئێمە پابەند دەبین پێیەوە 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، ژووری ئۆپراسیۆنەكان هەر بڕیارێك بدات، ئێمە پابەند دەبین پێیەوە و بە تەواوەتی جێبەجێی دەكەین.

باسی لەوەش كرد، ژووری ئۆپراسیۆنەكان ئەمڕۆ و سبەی كۆ دەبنەوە و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدەن.

بەپێی زانیارییەكانی دەست "وشە" كەوتووە، مزگەوتەكان لە چوارچێوەی بڕیاری داخستنی شوێنە گشتییەكان دەبێت لە ڕۆژانی جەژندا، ئەمڕۆ ژووری ئۆپراسیۆنەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكان، ڕاپۆرتی خۆیان بەرز دەكەنەوە بۆ بڕیاردان.

بەمەبەستی ڕێگریی زیاتر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی ناوخۆ شەوی ڕابردوو بڕیاری دا سێ‌ ڕۆژی جەژن قەدەغەی هاتوچۆی بە تەواوەتی هەبێت لە هەرێمی كوردستاندا.



وشە - رامیار جەواد