ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، وەڵامی وەزارەتی شارەوانی دەداتەوە و ڕوونی دەكاتەوە، بەرپرسانی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی لە دەسەڵاتی نییە دادگای كەتن و لێكۆڵینەوە بكاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، لە ڕاگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، وەڵامی بەرپرسانی وەزارەتی شارەوانی دەداتەوە و تێیدا هاتووە، كردنەوەی دادگاكانی لێكۆڵینەوە و كەتن لە دەسەڵاتی سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانیدا نییە لەناو باڵەخانەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، ئەم كارە پێویستە بە راوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری ئەنجام بدرێت.
ئەمە كارێكی ئەستەمە لە ئەنجوومەنی دادوەریش بكرێت، چونكە لەگەڵ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری ناگونجێت
باس لەوەش كراوە، ئەمە كارێكی ئەستەمە لە ئەنجوومەنی دادوەریش بكرێت، چونكە لەگەڵ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری ناگونجێت. بۆ زانین، پێشتر ئەنجوومەنی دادوەری رایان سپاردووە دادوەری كەتنی یەكەم و دادوەری لێكۆڵینەوەی یەكەم لە دادگاكانی هەر پارێزگا و شارۆكە و شاردێیەك، (سەرەڕای كارەكانیان) كێشەكانی زیادەڕۆیی سەر زەویوزار و موڵكی دەوڵەت لەناو باڵەخانەی دادگاكان ببینن.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، پێویستە ئەو جۆرە كار و چالاكییانەی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی و لێدوان لەسەریان، بە راوێژ و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری بێت وەك مەرجەع.
لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی شارەوانیدا بڵاوکراوەتەوە، دادگای تایبەتمەند لە دادگاكان دادەمەزرێت بۆ ئەوەی كاری هاووڵاتییان لە تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان جێبەجێ بكات.