بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ ڕوونی دەكاتەوە، بڕیارەكەی عێراق بۆ ڕاگرتنی گواستنەوەی پەلەوەر لەنێوان شارەکان، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و ڕێپێدان لە نووسراوەكە كراوە.
ئەو پەلەوەرەی لە هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاكان دەگوازرێـتەوە، بەڵگەی تەندروستی پێ بێت
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئایار، حوسێن حەمەكەریم گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو نووسراوەی لە حكوومەتی عێراق دەرچووە و بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە، گواستنەوەی مریشك لە نێوان پارێزگاكان بۆ پەلەوەری هەرێمی كوردستان بەمەرجە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ گوتی، بەپێی نووسراوەكە پێویستە ئەو پەلەوەرەی لە هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاكان دەگوازرێـتەوە، بەڵگەی تەندروستی پێ بێت كە پشكنینی بۆ كرابێت و كێشەی نەبێت.
دوای دۆزینەوەی حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزای باڵندە، ئەمڕۆ بڕیار دەرچوو گواستنەوەی مریشك لە نێوان شارەكانی عێراق قەدەغە كرا و داوایش دەكرێت 60 هەزار مریشك لەو كێڵگەیە لەناو ببرێن كە حاڵەتەكەی تێدا دۆزراوەتەوە.
ئەنفلەوەنزای باڵندە نەخۆشییەكە بە هۆی باڵندەی كۆچەرەوە دەگوێزرێتەوە و تا ئێستە لە 38 وڵات تۆمار كراوە و بۆ مرۆڤیش دەگوێزرێتەوە، بەڵام لە حەوت ساڵی رابردوودا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون لە ناو مرۆڤەكان تۆمار نەكراوە، تەنیا ئەوە نەبێت لە ساڵانی پێشتر هەزار و 200 حاڵەتی تووشبوون لە ناو مرۆڤدا تۆمار كراوە.