دوای ئەوەی سوپاسالاری عێراق لە كابینەی مستەفا كازمی بووە وەزیری ناوخۆ، پۆستەكە بەتاڵ بووە. پێشتر كورد ئەم پۆستەی پێ بڕابوو، بۆیەش داوا دەكرێ كەسێكی كورد بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان بكرێت و دووبارە ئەم پێگەیە بۆ كورد بگەڕێنرێتەوە.
دكتۆر ناسر هەركی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ "وشە" باسی لە چۆڵبوونی پۆستی سوپاسالاری عێراق كرد و بە پێویستی دانا ئەم پۆستە بە كورد بدرێتەوە، چونكە پێشتر پشكی كورد بووە و لە ناو حزبە سیاسییەكانی كوردستانیش پارتی ئەو پشكەی پێ بڕاوە.
ئەو پۆستە بۆ كورد هێندەی وەزارەتێك گرنگە
بە بۆچوونی هەركی ئەو پۆستە بۆ كورد گرنگی زۆری هەیە و هێندەی وەزارەتێك گرنگە. ئەو دەڵێت "داوامان لە سەركردایەتی خۆمان كردووە كە بە گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق ئەو پۆستە وەربگرنەوە و ناكرێ پشكی كورد بێت، بەڵام كەسێكی عەرەب لەسەر كورسییەكە دابنیشێت."
دوای دەست لەكاركێشانەوەی بابەكر زێباری لە پۆستی سوپاسالاری عێراق، تا ئێستە ئەو پۆستە لە لایەن عەرەب پڕ كراوەتەوە و نەدراوەتەوە كورد.
وشە/بڵند ئیبراهیم