ئەمساڵ بەشی یەكەمی پڕۆژەی 150 مەتری تەواو دەكرێ

:: PM:04:13:19/05/2020 ‌

بەشی یەكەمی پڕۆژەی 150 مەتری كە بە نوێترین پڕۆژەی پەرەپێدانی رێگەوبان لە هەولێری پایتەخت هەژمار دەكرێت و رێی بەحركە بە رێی شەقڵاوە گرێ دەدات، تا كۆتایی ساڵ تەواو دەكرێت.
هێمن گرووپ پڕۆژەكە جێبەجێ دەکات دەكات

ئەمیر عەبدولخالق ئەحمەد بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی رێیەكان لە كۆمپانیای هێمن گرووپ بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، كۆمپانیاكەیان بە هەموو توانای خۆیەوە كار لەسەرجێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكات و هەوڵ دەدات تا كۆتایی ساڵ پڕۆژەكە بە سەرجەم خزمەتگوزارییەكانەوە رادەستی حكوومەت بكات.

درێژیی پڕۆژەكە 10 كیلۆمەترە، بەڵام بە گوتەی ئەو لێپرسراوەی كۆمپانیاكە، ئەگەر سەرجەم رێیە خزمەتگوزارییەكان و رێیەكانی سووڕانەوە و ئینترچێنجەكان هەژمار بكرێ، ئەوا درێژیی ئەو شەقامەی بە نیازن ئەمساڵ جێبەجێی بكەن، دەگاتە 50 كیلۆمەتر.
گوژمەی ئەو بەشەی پڕۆژەكە 131 ملیۆن دۆلارە و كۆمپانیای هێمن گرووپ لە بودجەی خۆی دابینی كردووە

گوژمەی ئەو بەشەی پڕۆژەكە 131 ملیۆن دۆلارە و كۆمپانیای هێمن گرووپ لە بودجەی خۆی دابینی كردووە، لە داهاتوودا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانی وەردەگرێتەوە. ئەمیر عەبدولخالق گوتی لە پڕۆژەی 120 مەتریش بڕێكی كەمی گوژمەی پڕۆژەكەیان لە حكوومەت وەرگرتووە.

شەقامی 150 مەتری ھەولێر پڕۆژەیەكی ستراتیجی گرینگە و لە نیسانی 2019ەوە  دەست بە جێبەجێكردنی كراوە، درێژییەكەی 70 كیلۆمەترە و زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری ھەولێر بە سەنتەری شارەوە دەبەستێتەوە، جگە لەوەش سیمایەكی جوانتر بە پایتەخت دەبەخشێت و ئاسانكاری زۆر بۆ ھاووڵاتییان و شوفێران دەكرێت لە ھاتوچۆكردن.

لە داهاتوودا ئەو بەشە لە شەقامەكە جێبەجێ دەكرێ كە رێی شەقڵاوە بە رێی كۆیە گرێ دەدات.
لە دوای قۆناغی یەكەمی كە رێی بەحركە بە رێی شەقڵاوە گرێ دەدات، لە داهاتوودا ئەو بەشە لە شەقامەكە جێبەجێ دەكرێ كە رێی شەقڵاوە بە رێی كۆیە گرێ دەدات.

پێویستە بگوترێ كۆمپانیای هێمن گرووپ یەكێك بوو لە گرنگترین ئەو كۆمپانیایانەی لە سەردەمی تەنگژەی دارایی بە بودجەی خۆی قۆڵی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی 120 مەتری و پاشان 150 مەتری هەڵماڵی، بەم هەنگاوەی وێڕای تۆماركردنی جێپەنجەی خۆی لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، توانی جەنجاڵی و قەرەباڵغی هاتوچۆ لە هەولێر كەم بكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان