بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی میدیاكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە، كە حزبەكەی بە هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەكان تۆمەتبار دەكەن و رای دەگەیەنێت، پارتی نەبوو كۆبوونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی هەڵوەشاندەوە.
پارتی نەبوو كۆبوونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی هەڵوەشاندەوە
ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئایار، میدیاكانی یەكێتی و سەر بە لاهور جەنگی، بابەتێكیان بڵاو كردووەتەوە، تیایدا بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە گوایە قسەكانی فەرهاد ئەترووشی، تۆنی رەوتێكە لە ناو پارتی كە حەز بە ئاشتی ناو ماڵی كورد و رێككەوتنی یەكێتی و پارتی ناكات.
بەسام عەلی، بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە وشەی ڕاگەیاند، ئەو ڕاگەیاندراوەی میدیاكانی یەكێتی بڵاویان كردووەتەوە، هیچ خزمەتێك بە دۆخی كوردستان و ئاشتەوایی ناو ماڵی كوردی ناكات.
زیاتر گوتی، پرسی خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین، بابەتێكی زیاتر ناوخۆیی پارێزگای دهۆكە و ئەوان خۆیان ڕێكارەكانی ئەو پرسە تاوتوێ دەكەن، بەڵام ئەوەی باس لە ڕەوتێكی ناو پارتی دەكرێت كە نایەوێت ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی بێتە ئاراوە ئەسڵی نییە.
بەرپرسەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی كرد، پارتی هەمووی یەك ڕەوتە، ئەویش سەرۆك بارزانی ڕابەرایەتی دەكات، بە هەستكردن بە لێپرسراویەتی سەرشانی هەوڵی تەواو بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش و ئاشتەوایی لە هەرێمی كوردستان دەدات، بۆیە پارتی نەبوو كۆبوونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی هەڵوەشاندەوە و ئەوان بوون چەند جارێك ئامادەی كۆبوونەوەكان نەبوون.
بەسام عەلی، هیوای خواست ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە بۆ كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی لە دوای جەژنی ڕەمەزان، هیچ شتێك نەبێتە هۆی دواخستنی و كۆبوونەوەكە بكرێت و هەرێمی كوردستان تەبایی بۆ بگەڕێتەوە.
سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا