ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەراوردی كاری پەرلەمانی لە خوولی یەكەمی پەرلەمان و ئێستە دەكات و ڕای دەگەیەنێت، ئێستە پەرلەمان بەشێكە لە كێشە نەك چارەسەری.
ئێستە پەرلەمان خۆی كێشەیە و هەڵوێستەكانی كاریگەر نین
ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئایار، ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە خوولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان، خۆشەویستی بۆ دامەزراوەكانی هەرێم زیاتر بووە بە بەراورد بە ئێستە. هەروەك ڕوونیشی دەكاتەوە كە ئەو كاتە پەرلەمان بەشێك بووە لە چارەسەری كێشەكان، بەڵام ئێستە پەرلەمان خۆی كێشەیە.
خۆشناو وەبیری هێنایەوە كە لە خوولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانتاران هۆڵی پانگیریان پێكهێنا و بوونە گوشار بۆ راگرتنی شەڕی ناوخۆ لەو كاتدا، بەڵام ئێستە هەڵوێستەكان كاریگەر نین.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی پێی وایە، خوولی ئێستە و رابردووی پەرلەمانی كوردستان دوو خوولی پڕكێشەترین بوون و و دەڵێت، "بەداخەوە ئێستە لەناو خەڵك پەرلەمان بە دامەزراوەیەكی زیاد باسی دەكرێ".
لەبارەی گرژییەكانی ئەم دوایەی ناو پەرلەمانی كوردستانیش، خۆشناو دووپاتی كردەوە كە پێویستە پەرلەمان ڕۆڵی خۆی ببێن و ببێتە بەشێك لە بەدامەزراوەییكردنی كوردستان و خۆشەویستی نیشتمانی بڵاو بكاتەوە و كێشەكان چارەسەر بكرێ و ئێستە گفتوگۆ لە نێوان فراكسیۆنەكان بەردەوامە.
لێدوانەكەی ئومێد خۆشناو لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردن لە 1992ە كە بووە هۆی دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان.
هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان لە ڕێی دەنگدانی گشتی و راستەوخۆ، لە 19ی ئایاری 1992 بەشداریی 967 هەزار و 229 دەنگدەر ئەنجام درا كە بە هاوكاری و پشتیوانیی چاودێرانی بیانی بەڕێوە چوو. بەپێی یاسای هەڵبژاردن هەر حزبێك، دەبوو 7٪ی دەنگەكان بەدەست بێنێت بۆ ئەوەی كورسییەكی پەرلەمان مسۆگەر بكات.