وەزارەتی تەندروستی: تەنیا 36 تووشبووی كۆرۆنا لەژێر چاودێری پزیشكیدان

:: PM:11:49:19/05/2020 ‌

تا ئێستە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوە، دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی دەركرد لە چوارچێوەی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە، ئەوەیش لە چوارچێوەی هەوڵە سەركەوتووەكانی حكوومەتی هەرێم لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، وەزارەتی تەندروستی دوایین ئاماری لەبارەی دۆخی هەرێم راگەیاند. 
كۆی ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان 424 حاڵەتە
وەك لە راگەندراوی وەزارەتەكە سەبارەت بە دۆخی هەرێم و ڤایرۆسی كۆڕۆنا هاتووە، تا ئەمڕۆ 11111 هاووڵاتی لەوانەی لە دەرەوەی هەرێم گەڕانەتەوە و ئەوانەی بەركەوتەی نەخۆشن و كەرەنتین كراون، ێستە تەنیا 1057 هاووڵاتی لە 32 شوێنی جیاوازی كەرەنتین ماونەتەوە،504 لە هەولێر، 160 لە سلێمانی، 392 لە دهۆك، یەك كەس لە ڕاپەرین. 10054 هاووڵاتیش لە كەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوەتە ناو خێزانەكانیان دوای تەواو كردنی ماوەی 14 رۆژ و ئەنجامدانی پشكنین بۆیان و پشتراستكردنەوەی هەڵگری ئەو نەخۆشییە نین، لەگەڵ كەرەنتینكردنی ژمارەیەكی تری هاووڵاتییان لە 24 سەعاتی ڕابردوودا كە كۆی گشتیان 63 هاووڵاتی بوون.

لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوو، 801 پشكنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، 349  لە هەولێر، 240 سلێمانی، 207 دهۆك، پێنج سۆران، دەرەنجام، 10 تووشبووی نوێ تۆمار كران بەمشێوەیە، پارێزگەی سلێمانی نۆ پۆزەتیڤ، چوار ئافرەت تەمەنیان 53، 52، 29، 24 ساڵ و چوار پیاو تەمەنیان، 53، 36، 34، 30 ساڵ و كچێكی گەنجی تەمەن 15 ساڵ، هەموویان دانیشتووی ناو شاری سلێمانین، هەشت لەوان بەركەوتەی تووشبووانی پێشوون و یەكێكیان تووشبووی نوێیە و نیشانەكانی نەخۆشی هەیە.

پارێزگای هەولێر یەك پۆزەتیڤ كە پیاوێكی تەمەن 44 ساڵە و نیشانەكانی نەخۆشی هەبووە و دانیشتووی گەڕەكی قەتەوی شاری هەولێرە، كۆی گشتی ئەو پشكنینانەی ئەنجام دراوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا 62272 پشكنین بووە.

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ لە هەرێمی كوردستان 424 تووشبوون، لەنێویاندا پێنج حاڵەتی مردن هەیە و 383 نەخۆش چاكبوونەتەوە، ئێستەیش تەنیا 36 نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكیدان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل