گرووپێكی تێكدەر زیان بە مەسیحییەكان دەگەیەنن

:: AM:09:43:03/06/2020 ‌
 ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەكان ڕای دەگەیەنێت، گرووپێكی تێكدەر لەژێر دەستی حەشدی شەعبی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی مەسیحی دەسووتێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیران، روبینە ئوملیك ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پێكهاتەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە گرووپێكی تێكدەر و شەڕانگێزی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی حەشدی شەعبی، لە ناوچەی حەمدانییە و كەرەملیس، هەزاران دۆنم زەوی جووتیارانی مەسیحی دەسووتێنن كە بەشێكی زەوی كەنیسەی كەرەملیس بووە. 

رەوشی هاووڵاتییە مەسیحییەكان لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی زۆر خراپە
ڕوونی كردەوە، بەدواداچوونمان كردووە و لەلایەن خەڵكی ناوچەكە ئاگادار كراینەوە، رەوشی هاووڵاتییە مەسیحییەكان لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی زۆر خراپە.

باسی لەوەش كرد، داوا  لە حكوومەتی ناوەندی دەكەم بە زووترین كات بە هانای ئەو خەڵكە لێقەوماوە بچن و قەرەبووی زیان لێكەوتووان بكرێتەوە و رێگری لەو جۆرە هێرشە ناڕەوایانە بكرێت، هەروەها سووتاندنی زەویی جووتیاران كە زیاتر لە ساڵێكە چاوەڕوانی دوورینەوەی ئەم بەرهەمە دەكەن، جۆرێكە لە كردەوەی تیرۆریستی بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان.

دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 لە سنووری ناوچە كوردستانییەكان، بەردەوام كورد و پێكهاتەكانی تر لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەچەوسێنرێنەوە.




وشە - رامیار جەواد