دوێنێ شەموو 15ی ئۆكتۆبەر/تشرینی یەكەم، راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێركڵ رای گەیاند، تاوتوێی پێكهێنانی ناوچەیەكی ئارام بۆ ئێزیدییەكان دەكەن لە باكوری عێراق، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەنجێلا مێركڵ، لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی كۆڕبەندی قوتابییانی دیموكراتی مەسیحی سەر بە حزبەكەی مێركڵ، رای گەیاندووە، پێكهێنانی ناوچەیەكی ئارام بۆ ئێزیدییەكان زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی دوای لەناوبردنی داعش بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، چونكە ئەوان لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە ناچار كراون ناوچەكانی خۆیان جێ بهێڵن.
هەر بە گوێرەی هەواڵەكەی رۆیتەرز، كەسایەتییەكانی رەوەندی ئێزیدییەكان، خۆیان پێشتر داوای پارێزگاریی نێودەوڵەتییان كردووە، بۆ ئەوەی بتوانن جۆرێك لە حوكمی ئۆتۆنۆمی دروست بكەن لە ناوچەكانی خۆیاندا.
وشە/ سپوتنیك