كێڵگە پەلەوەرییە بێ مۆڵەتەكانی سلێمانی مایەی كێشە و مەترسین

:: AM:10:58:11/11/2020 ‌
لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 100 كێڵگەی پەلەوەری نایاسایی هەن، بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی، كردنەوەی كێڵگەی بێ مۆڵەت و قاچاخ بەردەوامە و ئەو كێڵگانەش هیچ سەرپەرشتییەك ناكرێن و بەبێ ئاگاداری لایەنەكانی ڤێتەرنەری و تەندروستی بەرهەمەكان دەخەنە بازاڕەوە.

تەواوی ئەو كێڵگە بێ مۆڵەتانە لەسەر زەوی كشتوكاڵی دروست كراون و هیچ مۆڵەتێكیان نییە و لە بوارەكانی داخڵكردنی جوجكە و گەورەكردنی مریشك و خستنە بازاڕ سەرپەرشتی ناكرێن، ئەمەش لەلایەك مەترسی دروست كردووە بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییان و لەلایەكی تریشەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر كێڵگە مۆڵەتدارەكان هەبووە.

رۆژ بەر ڕۆژ لە زیادبووندان و كێڵگەی نوێ دەكرێنەوە.
شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ژمارەیەكی زۆر لە كێڵگەی پەلەوەری لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەی نایاسایی و بێ مۆڵەت كراونەتەوە و رۆژ بەر ڕۆژ لە زیادبووندان و كێڵگەی نوێ دەكرێنەوە.

ئەو گوتی، هەندێكیان داوامان لێ دەكەن مۆڵەتیان پێ بدەین، ئێمەش بەردەوام نووسراوەكانیان بۆ دەستەی راوێژكاری یان وەزارەت بەرز دەكەینەوە، بەڵام بەگشتی ئەو كێڵگانە كێشەیان دروست كردووە و زەویی حكوومییان داگیر كردووە.

لە لایەن كشتوكاڵ و تەندروستی و ڤێتەرنەری سەرپەرشتیش ناكرێن
وەك زیاتر خستیەڕوو، دروستكردنی كێڵگەی بێ مۆڵەت لە زیادبووندان و هیچ كام لەو كێڵگانەش هیچ جۆرە زانیارییەك لەسەریان نییە و  بۆ ئەو مریشكەی كە بەرهەمی دەهێنن لە لایەن كشتوكاڵ و تەندروستی و ڤێتەرنەری سەرپەرشتیش ناكرێن، هەروەها هیچ ئامارێك نییە لەسەریان كە ساڵانە چەند بەرهەمیان هەیە و كاریگەری خراپیشی لەسەر كێڵگە مۆڵەتدارە یاساییەكان دروست كردووە، چونكە بەبێ هیچ ئاگادارییەك مریشك دەفرۆشن.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 670 كێڵگەی پەلەوەری مۆڵەتدار هەن و بەرهەمی ساڵانەیان زیاتر لە 250  هەزار تۆن دەبێت، لە كاتێكدا بەشی پێویستی ساڵانەی پارێزگاكە كەمتر لە 70 هەزار تۆنە و كردنەوەی كێڵگەی مۆڵەتداریش بەردەوامی هەیە.

لە پارێزگای سلێمانی نزیكەی 100 كێڵگەی پەلەوەری نایاسایی و بێ مۆڵەت هەن
نازم عەبدوڵا خاوەنی كێڵگەی پەلەوەر لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 100 كێڵگەی پەلەوەری نایاسایی و بێ مۆڵەت هەن، ئەوانەش تا ئێستە نازانرێ چۆن بەرهەم دەهێنن و چەند دەخەنە بازاڕ و بەرهەمی ساڵانەیان چەندە.

ئەو گوتی، بەهۆی ئەوانەوە زیان بەر كێڵگە مۆڵەتدارەكان دەگات، چونكە بەرهەمێكی زۆریان هەیە و وا دەكات بەهۆی ئەوانەوە مریشكێكی زۆر بخاتە بازاڕەوە و خستنەڕوو لە بازاڕ زۆر بێت و بەهۆیەوە نرخەكەی هەرزان بێت و ئێمەش زیان بكەین. ئێمە بۆ هەر كیلۆیەك مریشك دوو هەزار و 200 دینار لەسەرمانە، بەڵام جاری وایە مریشك لە كێڵگەكانەوە بە هەزار و  500 دەفرۆشرێت و ساڵ هەیە كێڵگەكان بەهۆی دابەزینی مریشك  30 ملیار دینار زیان دەكەن.

بەگوتەی ئەو خاوەن كێڵگەیە، كردنەوەی بەردەوامی كێڵگەی نوێ كە بەشێكیان مۆڵەتدار نین، كاری ئەوانی قورستر كردووە و پێویستە رێچارەیەك یان رێگرییەك دابنرێت بۆ ئەو كێڵگانە، چونكە ساڵ بە ساڵ ژمارەكە لە زیادبووندان و نرخەكەش كەمتر دەكەوێت.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی و تەواوی پارێزگاكانی تر زیاتر لە 400 كێڵگەی پەلەوەری بێ مۆڵەت هەن، زەوییەكانیش داگیركراوی كشتوكاڵن و تائێستە نەتوانراوە هیچ كام لەو زەوییانە بگەڕێنرێنەوە بۆ سەر موڵكی حكوومەت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان