عێراق.. پڕۆژەیاسای قەرزكردن دەدرێتە پەرلەمان بۆ دەنگدان

:: PM:08:14:11/11/2020 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆكردن لەبارەی پڕۆژەیاسای قەرزكردن كۆتایی هات و پڕۆژەكەی بۆ دەنگدانی ئەمشەوی پەرلەمان خستە روو، بەپێی پڕۆژەكە مووچەی سێ مانگی ئەمساڵی مووچەخۆران دابین دەكرێت.
10 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران تەرخان كراوە
بەپێی بەیاننامەیەكی لیژنەكە، ئەمڕۆ لیژنەكە كۆبوونەوەیەكی ساز كردووە و گفتوگۆكانی لەبارەی پڕۆژەیاسای قەرزكردن تەواو كرد، لە كۆبوونەوەكە گۆڕانكاری پێویست بەسەر پڕۆژەكە كرا، هەیسەم جبووری، سەرۆكی لیژنەكە گوتی، بەو قەرزە حكوومەت دەتوانێ مووچەی فەرمانبەران بۆ سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ دابین بكات، جیا لە تەرخانكردنی بەشێكی قەرزەكە بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگا و هەرێمەكان، بەوپێیەی بە شێوەیەكی دادوەرانە دابەش بكرێت. 

هەروەها بەشێكی قەرزەكە بۆ پاڵپشتی كەرتی كشتوكاڵ تەرخان دەكرێت، لە كۆتایی كۆبوونەوەكەیش ئەندامانی لیژنەكە دەنگیان لەسەر بڕگەكانی پڕۆژەكە دا و بۆ پەرلەمانیان رەوانە كرد بۆ دەنگدان لەسەری، لە پڕۆژەكەدا بڕی 10 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران تەرخان كراوە. 

لای خۆیەوە حەسەن ئالی، پەرلەمانتاری كورد دووپاتی كردەوە كە پشكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ پارەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق حسێب كراوە، كە 320 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل