پەرلەمانتارێكی كوردستان: لەبەر ئەم هۆكارانە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە

:: PM:05:01:21/03/2020 ‌

دوای ئەو دابەزینەی زۆرەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، شارەزایان وریاییان لە داڕمانی ئابووری دا، بەتایبەتی لە وڵاتێكی وەك عێراق كە بە تەواوەتی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە نرخی نەوت جارێكی تر بەرز دەبێتەوە و هۆكارەكانیشی روون دەكاتەوە.
پێشبینی دەكرێت نرخی نەوت بگاتە 60 بۆ 65 دۆلار
رێبوار بابكەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان  بۆ "وشە" گوتی، نزمبوونەی نرخی نەوت بە كاریگەریی نەخۆشی كۆرۆنا بوو لەسەر ئابووری جیهان بە گشتی و ئابووریی عێراقیش كە 93%ی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە زیان بەر عێراقیش كەوت، بەڵام وا جارێكی تر نرخی نەوت هەڵدەكشێت و بەرز دەبێتەوە، بەتایبەت چین كە زۆرترین نەوتی كڕیووە، ئێستە لە نەخۆشی كرۆنا رزگاریان بووە و جارێكی تر دەست بە كڕینی نەوت و جموجۆڵی بازرگانی دەكەنەوە، ئەمە هۆكارێكە، هۆكارێكی تریش ئەلتەرناتیڤی نەوت لە جیهاندا نییە و لە زۆر بواردا بە كاری دەهێنن و زۆرینەی وڵاتان پێویستیان بە نەوت هەیە .

بابكەیی ئاماژەی كرد، جگە لەوەیش رووسیا نەوت دەفرۆشێت و ئەندام نییە لە رێكخراوی ئۆپیك، باس لەوە دەكرێت كە هەردوو لا بگەنە رێككەوتن بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرز بێتەوە، ئەمەیش دووەم هۆكاری سەرەكییە كە وا دەكەن نرخی نەوت بەرز بێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی كرد، چۆن نزمبوونەوەی نرخی نەوت بەهەنگاو بووە، بە هەمان شێوە بەرزبوونەوەیشی بە هەنگاو دەبێت، لە هەندێك حاڵەت نەبێت كە پێكدادان دروست بێت كە نرخی نەوت راستەوخۆ بەرز دەبێـەوە، بەڵام لە دۆخێكی وەك ئێستە قۆناغ بە قۆناغ بەرز دەبێتەوە و پێشبینی دەكرێت بەرزبوونەوەی نەوت تا 60 بۆ 65 دۆلار بەرز بێتەوە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل