ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت كە هیچ گرفتێك لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە و لە كاتی خۆیدا لە لایەن بەغداوە رەوانە دەكرێت، ئەندامێكی لیژنەی داراییش دووپاتی كردەوە كە تا كاتی رەوانەكردن نەیەت، ناتوانن بڵێین پارەی بەغدا دوا دەكەوێت.
بۆ ئەم مانگە هیچ گرفتێك نییە پارە هەیە و دوا ناكەوێت
ئەمڕۆ شەموو، 21ی ئادار، غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، هیچ گرفتێك لە رەوانەكردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە لە لایەن بەغدا لە كاتی خۆیدا نییە.
زیاتر گوتی، ئەوەی مانگی رابردوو رووی دا كە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان درەنگ كەوت، پێوەست بوو بە هەندێك رێكاری دارایی كە لە بری وەزیری دارایی عێراق، چەند كەسێكی تر ئەو راگرتنەیان ئەنجام دابوو.
محەمەد روونی كردەوە، بۆ ئەم مانگە هیچ گرفتێك نییە و پارە هەیە، هاوكات پرسی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق هیچ رێگرییەك ناكات، چونكە دوو پرسی جیاوازن، هەروەها نەخۆشی كۆرۆنا كە بڵاو بووەتەوە، ئەویش گرفت دروست ناكات و تەنیا لە میكانیزمی ناردنەكەی نەبێت، ئەویش لەوە دەچێت كاریگەری نەبێت و حكوومەتی عێراقیش بریاری داوە ئەم مانگە لە پێش وادەی خۆی پارە دابەش بكات.
لای خۆیەوە جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، رێكارەكانی دابەشكردنی پارە لە عێراق لە 18ی مانگەوە دەست پێ دەكات تا 25ی مانگ بەردەوام دەبێت و ئەوكات دەگاتە دەستی وەزارەت و شارەكان، ئێستە 21 مانگە و چوار رۆژ ماوە و ناتوانین بڵێین دوا دەكەوێ، تا 25 مانگ نەیەتە پێشەوە.
زیاتر گوتی، لەبەرئەوەی حكوومەتی عێراق قەدەغەی هاتوچۆی كردووە و دەوام نییە، بۆیە لە حاڵەتێكدا ئەگەر دوا بكەوێت شتێكی ئاساییە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی