هۆكاری هەرزاننەبوونی بەنزین سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت

:: PM:09:57:21/03/2020 ‌

نرخی نەوت لە دنیا پیچەوانە لەگەڵ زیادبوونی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەدابەزینە و شارەزایان وریایی لە دابەزینی زیاتری نرخەكەی دەدەن، كەچی وێڕای دابەزینی نرخی نەوت و كەمی جووڵەی ئۆتۆمبێل، هێشتا نرخی بەنزین لە سلێمانی دانەبەزیوە.
قەدەغەی هاتوچۆ و دابەزینی نرخی نەوت بەنزینیان هەرزان نەكرد
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئەمڕۆ شەموو 21ی ئازار، بە "وشە"ی راگەیاند، راستە نرخی نەوت دابەزیوە و هاتنی بەنزینیش بەردەوامە، بەڵام بەشێكی زۆری بازرگانەكان بەنزینیان بە گران كڕیوە و پارەیان داوە، بۆیە دەبێت ئەوەی كڕاوە سەرف ببێت.

زیاتر گوتی، هۆكارێكی تر ئەوەیە بەهۆی دۆخی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆوە، خواست لەسەر بەنزین زۆر كەم بووەتەوە، بۆیە چاوەڕوانی كۆتاهاتنی ئەم دۆخە دەكەین و دەمانەوێ دوای ئەوە گۆڕانكاری لە نرخدا بكەین، دووپاتی كردەوە، هاتنی بەنزین لە سنوورەكانەوە بەردەوامە، بەڵام خواست لەسەری وەك پێویست نییە.

لای خۆیەوە رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی خزمەت بە "وشە"ی راگەیاند، لەو بابەتە ئاگەدارین كە هێشتا نرخی بەنزین وەك پێویست دانەبەزیوە، بۆ ئەوەیش بە نیازین بەدواداچوون ئەو پرسە بكەین.

شایەنی باسە لە سلێمانی نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بە 600 دینارە و جۆری موحەسەن 675 دینارە و جۆری سۆپەر بە 750 دینارە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل