لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆرسەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست كە لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو تۆمار كرابێت.
بەراورد بە سەرەتای هەفتەبازاڕی بۆرسە نرخی نەوت 20% هەڵکشاوە.
بەگوێرەی
dailyfx نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 31 دۆلار دەفرۆشرێت و بەراورد بە سەرەتای هەفتەبازاڕی بۆرسە كە رۆژی دووشەم كرایەوە، نزیكەی 20% لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە. كاتێك بازاڕ كرایەوە هەر بەرمیلێك نەوت لە خوارووی 26 دۆلار دەفرۆشرا.
بەهای نەوت بەراورد بە دوێنێ بەیانی نزیكەی دوو دۆلار هەڵكشاوە. نرخی نەوت لە 24 سەعاتی رابردوودا 32 دۆلاریشی تۆمار كردووە، بەڵام لەبەر بەرزبوونەوەی ئاماری كۆگای نەوتی ئەمەریكا كەمێك لە نرخەكەی دابەزی.
هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە دەگەڕێتەوە كە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت واژوویان كردووە و لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دەست بە جێبەجێكردنی كراوە.
وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێك و رووسیا و وڵاتانی تر لە چوارچێوی رێككەوتنێكدا بڕیاریان داوە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی نرخی نەوت بكەن. سعوودیە و رووسیا بڕیاریان داوە بەیەكەوە نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە.
هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەگەڵ لابردنی كەرەنتین، جموجووڵە ئابوورییەكان لە دنیادا پەرە دەستێنێت و ئەوەش وا دەكات ئاستی داخوازی لەسەر نەوت بەرز ببێتەوە، هەرچەندە قەبارەی داخوازیی زۆر كەم بووە و پێویستی بە كاتێكی درێژ هەیە تا ئاسایی دەبێتەوە.
هەفتەی رابردوو دۆخی بازاڕی نەوت زۆر باش بوو و بەرێژەی 23% لە بەهای نەوت زیادی كرد و چاوەڕێ دەكرێ ئەم هەفتەیەش هەڵكشان تۆمار بكات.
لە سێ هەفتەی رابردوودا نرخی نەوتی برێنت بۆ خوارووی 16 دۆلار و نەوتی ئەمەریکاش بۆ خوارووی سفر دۆلار دابەزیبوو.