بازاڕی ئۆتۆمبێل لە بەریتانیا بۆ خراپترین دۆخی 74 ساڵی رابردوو دابەزی

:: PM:02:51:06/05/2020 ‌

رێژەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لە بەریتانیا، بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 97% دابەزیوە، ئەمەش بە خراپترین دۆخی بازاڕی ئۆتۆمبێل لە 74 ساڵی رابردوو هەژمار دەكرێت.

فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە بەریتانیا لە كاتێكدا دابەزیوە كە ئامارەكان باس لەوە دەكەن بەهۆی دەرهاویشتەكانی كۆرۆناوە، بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی بەریتانیا لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ بە رێژەی 7% دابەزیوە.

بەریتانیا بە 29 هەزار قوربانیی كۆرۆنا لەو وڵاتانەیە كە دۆخی بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی دنیا خراپە، بۆیەش لە نیوەی دووەمی مانگی ئادارەوە دەستی بە پلانی كەرەنتین كردووە.

بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كە خۆی تووشی كۆرۆنا بووبوو و تەنانەت ماوەیەك مەترسی ئەوەی لەسەر هەبوو بەهۆی كۆرۆنا بمرێت، لە پلانیدایە رێوشوێنەكان سووك بكات بەو ئامانجەی هەناسەیەك بە ئابووری وڵاتەكە بدرێت.

فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە بەریتانیا لە چوار مانگی یەكەمی ساڵ 43% دابەزیوە، هاوكات بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلیش بە رێژەی 14% رووی لە دابەزین كردووە.

ماڵپەڕی تایبەتیی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی بەریتانیا، پێشبینی كردووە بەهۆی كۆرۆناوە سەرووی 10 ملیار دۆلار زیان بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بگات.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە بەریتانیا چوار هەزار و 321 ئۆتۆمبێل فرۆشراون، لە كاتێكدا لە نیسانی ساڵی رابردوو سەرووی 161 هەزار ئۆتۆمبێل فرۆشرابوون.
لە شوباتی ساڵی 1946 چەند مانگێك دوای جەنگی دووەمی جیهانیی، فرۆشی ئۆتۆمبێل لە بەریتانیا چوار هەزار و 46 دانە بوو

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، لە شوباتی ساڵی 1946 چەند مانگێك دوای جەنگی دووەمی جیهانیی، فرۆشی ئۆتۆمبێل لەو وڵاتە چوار هەزار و 46 دانە بوو و لەوكاتەوە بازاڕی ئۆتۆمبێل لە بەریتانیا تا ئەم ئاستەی ئێستەی تووشی پاشەكشە نەبووە.

پێشتر پێشبینی دەكرا بەریتانیا لە ساڵی 2020 بتوانێت دوو ملیۆن و 250 هەزار ئۆتۆمبێل بفرۆشێت، بەڵام ئێستە چاوەڕوانییەكە بۆ ملیۆنێك و 680 هەزار ئۆتۆمبێل دابەزیوە.





وشە - سلێمان تاشان