زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان تیم و دامه‌زراوه و سوپای ئه‌لیكترۆنیان دامه‌زراندووه و به نهێنی و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری خه‌ریكی رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی دوژمنانی وڵاته‌كانیانن و وه‌ڵامی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌ده‌نه‌وه كه بكرێته سه‌ریان، به‌ڵام له ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، حكوومه‌ت و حزبه‌كان خه‌ریكی دروستكردنی سوپای ئه‌لیكترۆنین بۆ گه‌وجاندن و گێژكردنی خه‌ڵك و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی درۆ و لابردنی هزری خه‌ڵك له‌سه‌ر كێشه و كه‌موكوڕییه‌كان و سه‌رقاڵكردنیان به شتی لاوه‌كی و بێبایه‌خ.
ماڵپه‌ڕی "ئێران فۆكس" بابه‌تێكی له‌وباره‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی، گوته‌یه‌كی سیاسی به‌ربڵاو هه‌یه كه ده‌ڵێ، هه‌موو وڵاتانی تاكڕۆ و دیكتاتۆر هێنده‌ی له گه‌له‌كانیان ده‌ترسن له دوژمنه‌كانیان ناترسن، بۆیه هه‌موو توانا هه‌واڵگرییه‌كانیان و ماكینه‌ی دروستكردنی پڕوپاگنده و چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری خۆیان به‌كار ده‌خه‌ن و به هیچ شێوه‌یه‌ك گرنگی به هه‌ڕه‌شه‌ی دوژمنان بۆ سه‌ر وڵاته‌كانیان ناده‌ن، ئه‌مه پێناسه‌یه‌كی زۆر دروسته بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، چونكه له ڕێی دروستكردنی سوپایه‌كی ئه‌لیكترۆنییه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر ته‌واوی ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن گرتووه و به وردی چاودێری تۆڕی ئینته‌رنێت و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌كات و گه‌وره‌ترین بودجه و مووچه به‌و كه‌سانه ده‌دات كه له‌و سوپا ئه‌لیكترۆنییه كار ده‌كه‌ن، له كاتێكدا خه‌ڵكی ئێران ڕۆژ دوای ڕۆژ هه‌ژارتر ده‌بن و بێكاری زیاتر په‌ره ده‌ستێنێت.
سوپا ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له ته‌واوی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاوبوونه‌ته‌وه و به ده‌یان هه‌زار هه‌ژماری ساخته‌یان دروست كردووه و ده‌چنه نێو گرووپ و په‌ڕه تایبه‌ته‌كانه‌وه و خه‌ریكی كێشكردنی خه‌ڵكن بۆ ڕیزی خۆیان و به دوای كه‌سانی شاره‌زا ده‌گه‌ڕێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا به وردی و به به‌رنامه‌وه هه‌واڵی درۆ و ساخته بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و ڕۆژه‌ڤ له‌سه‌ر هه‌واڵی سه‌یر سه‌یر دروست ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه و هزری خه‌ڵكی له‌سه‌ر كێشه سه‌ره‌كییه‌كان لاببه‌ن و به‌ره‌و بابه‌تێكی بێ بایه‌خ و نه‌خوازراو ئاراسته‌یان بكه‌ن.
خه‌ڵك بێكار و هه‌ژارتر ده‌بێ و سوپای ئه‌لیكترۆنی بیركردنه‌وه‌یان بۆ شتی لاوه‌كی ئاراسته ده‌كه‌ن
ترسی گه‌وره‌ی ڕژێمی
ئێران له ته‌قینه‌وه‌ی خه‌ڵك و به‌رده‌وامی خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كۆتایی نایه‌ت، بۆیه یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی ئه‌و سوپا ئه‌لیكترۆنییه بریتییه له به كافر و خراپه‌كار پێشاندانی خۆپێشانده‌ران و ناوبردنیان به خیانه‌تكار و به‌كرێگیراو و سیخوڕ، له كاتێكدا خه‌ڵكی بۆ مافه‌كانیان و له پێناوی باشتركردنی ڕه‌وشی ژیانیان و فه‌راهه‌مكردنی هه‌لی كار و برسیه‌تی و هه‌ژاری دێنه سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی به جۆرێكی تر لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كات و له ڕێی سوپا ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌یه‌وه ده‌یه‌وێ هه‌موو خه‌ڵكیش به‌وجۆره بیر بكه‌نه‌وه و خۆپێشانده‌ران و چالاكان كه داوای مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان ده‌كه‌ن، به دێوه‌زه‌مه بناسرێن و پرۆسه‌ی ناشرینكردنی وێنه‌یان له هزری خه‌ڵكی له ڕێی شه‌پۆلێكی گه‌وره‌وه له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ست پێ ده‌كات.
خاڵێكی تر كه له هه‌مووی زیاتر جێی سه‌رنج و تێڕامانه، ئه‌و سوپایه هه‌موو توانای خۆی چڕكردووه‌ته‌وه به‌وه‌ی وا له خه‌ڵكی ئێران بگه‌یه‌نێت، كه سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كه‌یان دیموكراسییه هاوشێوه‌ی فڕه‌نسا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، وه‌كو ئه‌وان هه‌ڵبژاردن هه‌یه و ئه‌نجام ده‌درێ و به هیچ شێوه‌یه‌ك دیكتاتۆر له وڵات بوونی نییه، ده‌یانه‌وێ به ته‌واوی ئه‌وه بشارنه‌وه كه ئێران وڵاتێكه كه دیكتاتۆری دینی ڕابه‌رایه‌تی ده‌كات، حكوومه‌ت و سه‌ركۆمار ده‌سه‌ڵاته‌كانیان ڕووكه‌شین و هیچ بایه‌خێكیان نییه، به به‌راورد به قسه و بڕیار و بۆچوونی مه‌لاكان.
هه‌موو توانای خۆیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ و ئێران به وڵاتێكی دیموكراسی هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ریكا ناو ده‌به‌ن
له ماوه‌ی ڕابردوو به‌شێك له گیراوانی ناو خۆپێشاندانه‌كانی مانگی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2019 له‌سێداره‌دران و یه‌كێك له‌و تۆمه‌تانه‌ی كه ئاراسته‌یان كرابوو، بریتی بوو له‌وه‌ی كه دژی سیسته‌می دیموكراسی وڵات وه‌ستاونه‌ته‌وه و له خۆپێشاندانی ئاشتیانه‌وه كه ڕێگه پێدراوه، ده‌ستیان بۆ چه‌ك و ته‌قه‌كردن بردووه!
به گوتنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه و داپۆشینی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌و خه‌یاڵه هه‌ڵبه‌ستراوانه به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌یانه‌وێ به ته‌واوی خه‌ڵك بگه‌وجێنن و عه‌قلیان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، له ڕێی سوپای ئه‌لیكترۆنییه‌وه، ئیتر هه‌ر بابه‌تێك كه له ئینته‌رنێت و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بوروژێت و له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان نه‌بێت، ئه‌وا هه‌ڵمه‌تی له دژ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و تا ئه‌وپه‌ڕی سنوور سوكایه‌تی و جنێو و تۆمه‌ت بۆ بكه‌رانی ئه‌و كار و ئه‌و بۆچوون و هه‌ڵمه‌ته دروست ده‌كه‌ن كه له دژی كۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ستاوه‌ته‌وه و پرۆسه‌ی دێواندنی نه‌یارانی كۆماری ئیسلامی پاره‌ی زه‌به‌لاحی بۆ ته‌رخان ده‌كرێ له سامانی گشتی وڵاته‌وه و خه‌ڵكه‌كه‌یشی هه‌ژار و هه‌ژارتر ده‌بن و زۆرێكیشیان كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و كه‌مپه‌ینانه‌ی حكوومه‌ت كه درۆ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و خۆڵ ده‌كه‌نه چاوی خه‌ڵكه‌وه.