بایدن: قبووڵنەكردنی شكست لە لایەن ترەمپ شەرمەزارییە

:: PM:01:16:11/11/2020 ‌
سەرەڕای ئەوەی كە دەرەنجامەكان لە قازانجی بایدندا یەكلا بوونەتەوە، بەڵام ترەمپ هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی براوەی هەڵبژاردنە و بایدنیش پێی وایە ئەم هەڵوێستەی ترەمپ مایەی شەرمەزارییە.

جۆ بایدن لە دواین قسەكانیدا باسی لەوە كردووە تیمەكەی دەستیان بە چالاكی كردووە بۆ ئەوەی دەسەڵات لە ترەمپەوە بۆ ئەو بگوازرێتەوە. ئەو هەروەها گوتی خەریكی دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەن كە لە كابینەدا پۆستیان پێ دەدرێت و هیچ كەسێكیش ناتوانێ رێگری لەم هەنگاوانە بكات.

مێژوو بە خراپ باسی دەكات.
پاڵێوراوە سەركەوتووەكەی دیموكراتەكان بە توندی رەخنەی لە ترەمپ گرت لەوەی نایەوێ واز لە دەسەڵات بهێنێت و ئەگەر هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا مێژوو بە خراپ باسی دەكات.

پێویستە بگوترێ لە 20 كانوونی دووەمی سەرەتای ساڵی داهاتوو وەك رۆژی رادەستكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی ترەمپ بە بایدن دەستنیشان كراوە، پێویستە ترەمپ و تیمەكەی ماڵاوایی لە كۆشكی سپی بكەن.

فەرمانگەی خزمەتگوزاری گشتی ئەمەریكا كە لێپرسراوە لە دابینكردنی پێداویستییەكان و ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی دەسەڵات، رەتی كردووەتەوە ئێستە هیچ هەنگاوێك بنێت.

هەڵبژاردنی ئەمەریكا سێشەمی هەفتەی رابردوو سێی مانگ بەڕێوە چوو و رۆژی شەمووش دوای ئەوەی بایدن لە پێنسڵڤانیا سەركەوت، بە فەرمی ئاشكرای كرد براوەی هەڵبژاردنە. بایدن پێویستی بە شەش كورسی هەبوو تا سەركەوتن رابگەیەنێت، بەڵام بە راگەیاندنی دەرەنجامی پێنسڵڤانیا كورسییەكانی بۆ 279 هەڵكشان و ترەمپیش لە 214 سەرنەكەوتووە.
هێشتا چوار ویلایەتی ئالاسكا، جۆرجیا، ئاریزۆنا و كارولینیای باكور جیاكردنەوەی دەنگەكان بەردەوامە.

بەپێی دواین دەرەنجامەكانی CNN هێشتا چوار ویلایەتی ئالاسكا، جۆرجیا، ئاریزۆنا و كارولینیای باكور جیاكردنەوەی دەنگەكان بەردەوامە. 

لەو چوار ویلایەتەش بایدن لە دوانیاندا لە پێشە و ئەگەر هەر بەو دەرەنجامە تەواو بێت، ژمارەی كورسییەكانی بایدن 27 كورسی تر بەرز دەبنەوە و دەگاتە 308 كورسی، ئەگەر هەمووشیان لە قازانجی ترەمپ یەكلا ببنەوە، هێشتا ژمارەی كورسییەكانی ترەمپ ناگاتە 270 كورسی.

ترەمپ زیاتر ئومێدی بە پێنسڵڤانیا و میشیگان و وێسكۆنسن هەیە كە سكاڵای لەسەریان تۆمار كردبوو و لە قازانجی بایدندا یەكلا بووبوونەوە.

دۆناڵد ترەمپ پێی وایە لەم هەڵبژاردنەدا ساختەكاری كراوە
دۆناڵد ترەمپ پێی وایە لەم هەڵبژاردنەدا ساختەكاری كراوە و هەر ئەو براوەی هەڵبژاردنە. میچ مەك كانێلیش كە رێبەری كۆماریخوازەكانی لە ئەنجوومەنی پیران بەرگری لە هەڵوێستەكانی ترەمپ كردووە.

بایدن  ئاماژەی بەوە كرد كە تا ئێستە دەرفەتی ئەوەی نەبووە لەگەڵ رێبەری كۆماریخوازەكان لە ئەنجوومەنی پیران قسە بكات و لە نزیكترین دەرفەتدا قسەی لەگەڵدا دەكات.

بەگوێرەی بی بی سی بەرلەوەی بایدن لە ساڵی 2008 ببێتە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، پێشتر بۆ چەندان ساڵ لەگەڵ رێبەری كۆماریخوازەكان كاری كردووە و هاوكار بوون.

مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش گوتوویەتی، گواستنەوەی دەسەڵات لە دوای جیاكردنەوەی دەنگەكانە
مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش گوتوویەتی، گواستنەوەی دەسەڵات لە دوای جیاكردنەوەی دەنگەكان و دڵنیابوون لە ئەنجامەكانی بە بێ كێشە روو دەدات، تەنانەت ئاماژەی داوە ترەمپ بۆ خولێكی تر لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە رێبەری وڵاتانی بەریتانیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا و ئێرلەندا و ژمارەیەكی زۆر لە رێبەری وڵاتانی دنیا پیرۆزبایی سەركەوتنیان لە جۆ بایدن راگەیاندووە.

بەپێی دواین بەیاننامە كە تیمی گواستنەوەی بایدن بڵاوی كردووەتەوە، بایدن لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن لەبارەی پرسی ئوكراین و سووریا قسەیان كردووە.

بایدن گوتی لە گفتوگۆی لەگەڵ شەش رێبەری وڵاتانی دنیا باسی لەوە كردووە ئەمەریكا دووبارە دەگەڕێنێتەوە گۆڕەپانەكە و رۆڵی كارا دەگێڕێت.

بۆریس جۆنسن كە وڵاتەكەی ساڵی داهاتوو سەرۆكایەتی گرووپی حەوت دەكات بانگهێشتی بایدنی كردووە تا لە كۆبوونەوەكانی ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسی گۆڕانكاری كەشوهەوای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە بە COP26 ناسراوە بەشداری بكات. كۆنفرانسەكە بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بۆ ساڵی داهاتوو دواخراوە.

پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئەوروپا لە سەردەمی دەسەڵاتی ترەمپدا ئاڵۆز بوون
پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت كە پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئەوروپا لە سەردەمی دەسەڵاتی ترەمپدا ئاڵۆز بوون و گرنگترین ئەو هۆكارانەش كشانەوەی ئەمەریكا لە پەیمانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای پاریس و رێككەوتنی ناوكی لەگەڵ ئێران و سەپاندنی باج بەسەر ئەوروپا بووە.

كۆمارییەكان لەم خولەی هەڵبژاردندا بە توندی سزایان بەسەر ئێراندا سەپاند و ترەمپ بەڵێنی داوە سزاكان ئەوەندە لەسەر ئێران قورس دەكات، تا ئێران خۆی ناچار بێت مل بۆ ویست و داخوازییەكانی ئەمەریكا شل بكات. سەركەوتنی بایدن جێی دڵخۆشی حكوومەتی ئێران بووە و پێیان وابووە لە كابینەی بایدندا زیانەكانیان كەمتر دەبێت.



وشە - سلێمان تاشان